جێراسیمۆڤ جێگەی سۆرۆڤیکین گرتەوە! ئەنجامی گۆڕینی فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا چییە؟

شەممە 14 كانونی دووه‌م 2023 - 21:43
https://kurdish.iswnews.com/?p=21684

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، بۆ فەرماندەیی نوێی هێزەکانی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا دەستنیشانکرا.

بەپێی فەرمانێکی سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕووسیا، جەنەڕاڵ سێرگی سۆرۆڤیکین لە فەرماندەیی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دوورخرایەوە و ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، بۆ ئەم پۆستە دانرا. هەروەها ئۆلێگ سالیوکۆڤ، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپا و ئەلێکسی کیم، جێگری ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، وەک جێگری جیراسیمۆڤ و ئەلێکساندەر لاپین (فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە میحوەری لیمان) وەک سەرۆک ئەرکانی هێزە زەمینیەکان دەستنیشانکرا. هەروەها ژەنەڕاڵ سۆرۆڤیکین بۆ پۆستی جێگری فەرماندە و سەرۆک ئەرکانی هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکان (جەنگی ئۆکرانیا) دەستنیشان کراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، ئەم گۆڕانکاریانە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی سەرکردایەتی و هەروەها زیادکردنی کاریگەریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئۆکرانیا و پێویستی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەدا کراوە.

ژەنەڕاڵ سۆرۆڤیکین پێشتر لە ململانێکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە تاجیکستان و چیچان و لە کاتی شەڕی سووریادا وەک فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا کاری کردووە. ناوبراو دوای سەرکەوتن لە شەڕی سووریا، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧ وەک فەرماندەی گشتی هێزی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا دیاری کرا و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ گەیشتە پۆستی فەرماندەیی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بەڵام ئەم پۆستە لە سێ مانگ زیاتر درێژەی نەکێشا و جیراسیمۆڤ جێگەی گرتەوە.

لابردنی سۆرۆڤیکین و دانانی جیراسیمۆڤ ڕەخنەی زۆری لە ڕووسیا بەدوای خۆیدا هێنا و ئەمەش لەکاتێکدا ڕوودەدات کە ڕووسیا دوای ١١ مانگ شەڕی سەخت لە ئۆکرانیا هێشتا لە گەیشتن بە ئامانجەکانی سەرکەوتوو نەبووە. ئەم گۆڕانکارییانە دەکرێت وەک دەرئەنجامی ململانێی دەسەڵات لە نێوان هێزە سەربازییەکانی ڕووسی و بڕیارە سیاسییەکانی پوتین بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات و پاراستنی کێبڕکێی نێوان ژەنەڕاڵەکانی ڕووسیا دابنرێت، چونکە تیمی شۆیگو و جیراسیمۆڤ لە شەڕی ئۆکرانیا بڕیاری هەڵە و ئاستی لاوازتریان بە بەراورد لە تیمی سۆرۆڤیکین و یێڤگنی پریگۆژین، بازرگانی گەورەی ڕووس (ناسراو بە چێشتلێنەری پوتین) هەیانبووە. لە لایەکی دیکەوە، جیراسیمۆڤ بەهۆی پۆستی سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا دەرفەتی جێبەجێکردنی پلانی سەربازیی زیاتری لە سۆرۆڤیکین هەیە. بۆیە پێدەچێت هۆکاری گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا پرسی بەرزکردنەوەی ئاستی سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکان بێت. هەر بۆیە گرتنەبەری ڕێوشوێنی لەناکاو و دووبارە جێبەجێکردنی هێرشی بەرفراوان لەلایەن ڕووسەکانەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا چاوەڕوان کراو دەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *