ڕەتکردنەوەی ئەگەری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕۆژنامەیەکی سووری ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە کە سەبارەت بە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، سوریا و تورکیا بەم نزیکانە لە مۆسکۆ بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆژنامەی “ئەلوەتەن”ی سووری ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا و ڕووسیا کە گوایە ڕۆژی چوارشەممە لە مۆسکۆ ئەنجام دەدرێت. ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی: تا ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا دانەنراوە و هەموو ئەو شتانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە بێ بنەمان.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئەلوەتەن، ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەستە بە ئەدای ئەو لیژنە تایبەتانەی کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لەدوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وەزیرانی بەرگریی سووریا و ڕووسیا و تورکیا پێکهێنراون و ئامانجی ئەو لیژنانەش بەدواداچوون و دڵنیابوونە لە جێبەجێکردنی دروستی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئاماژە پێکراو.
ئیبراهیم کالین، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەم دواییەدا ڕایگەیاندبوو: تورکیا بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی و گەلی سوریا بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا و هەنگاوە بەرجەستەکانی داهاتوو، چارەنووسی ئەم پرۆسەیە دیاری دەکات.
شایانی باسە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر میدیاکانی تورکیا ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان سوریا، تورکیا و ڕووسیایان لە نیوەی دووەمی ئەم مانگەدا لە ئیمارات بڵاوکردەوە.
لێدوانەکان