کۆنترین دیلی فەلەستینی دوای ٤٠ ساڵ ئازاد کرا

شەممە 7 كانونی دووه‌م 2023 - 10:04
https://kurdish.iswnews.com/?p=21359

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ کەریم یونس دوای ٤٠ ساڵ زیندانی کردن لە زیندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئازاد کرا.

کەریم یونس کە کۆنترین دیلی فەلەستینییە، دوای ٤٠ ساڵ لە زیندانیکردن و لەناکاو و بێ ئاگادارکردنەوە، لە زیندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئازاد کرا.

وەزارەتی کاروباری دیلەکان و زیندانیانی فەلەستین ڕایگەیاند کە داگیرکەران پلانیان دانابوو کەریم یونس لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا لە ناوچەی “ڕەعنانا” لە ناوچە داگیرکراوەکانی ساڵی ١٩٤٨ و دوور لە ماڵ و بنەماڵەکەی لە شارۆچکەی “عارە” ئازاد بکەن، تا ڕێگری لە هەر جۆرە پێشوازی و ئاهەنگێكی خۆشی بۆ ئەم زیندانییە فەلەستینییە بکەن.

حازم حەسەنین، وتەبێژی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی فەلەستین لەم بارەیەوە وتی: ئامانج لەم شێوازە ئازادکردنی کەریم یونس لەلایەن رژێمی زایۆنیستیەوە، ڕێگریکردن لە گردبوونەوە و بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ئاهەنگێکی خۆشی دوای ئەو هەموو ساڵەی زیندانی کردن بوو، و ڕژێمی داگیرکەر پێشتر بۆ شێخ ڕاید سەڵاحیش هەمان شێوازی بەکارهێنابوو.

کەریم یونس لە ٦ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٨٣ کاتێک کە خوێندکار بوو لە لایەن هێزەکانی زایۆنیستیەوە دەستبەسەر و زیندانی کرا.

“کەریم یونس” وەک کۆنترین زیندانی فەلەستینی و کۆنترین دیل لە جیهاندا دادەنرا.

ناوبراو لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە ساڵی ١٩٨٣ خوێندکار بووە و بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر سەربازێکی ئیسرائیلی لە بەرزاییەکانی جۆلان و وەک ئەندامی بزووتنەوەی فەتح سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە. دواتر سزاکەی بۆ ٤٠ ساڵ کەمکرایەوە.

بڕیار بوو کەریم یونس بەپێی “رێککەوتنی ئاشتی ئۆسلۆ” لەگەڵ ٢٠ زیندانیی دیکەی فەلەستینی لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئازاد بکرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی زایۆنیستی لەو کاتەدا ئامادە نەبوون ئازادی بکەن.

یونس لە زینداندا دوو کتێبی نووسیوە، یەکێکیان بە ناوی “واقیعە سیاسییەکان لە ئیسرائیل” لە ساڵی ١٩٩٠ و کتێبێکی دیکەیان بە ناوی “خەبات و ڕێککەوتنی سیاسی” لە ساڵی ١٩٩٣.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *