ئۆپەراسیۆنی تاڵیبان دژی حەشارگەی داعش لە کابول و نیمرۆز
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزە چەکدارەکانی بەشی هەواڵگری تاڵیبان بۆ سەر یەکێک لە حەشارگەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، ١٤ ئەندامی داعش کوژران و بریندار بوون.
لە ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی چەکدارانی تاڵیبان لە دژی یەکێک لە حەشارگەکانی داعش لە شاری کابوڵ، ١٤ ئەندامی تاجیکیی داعش کوژران و بریندار بوون.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، ئەم گرووپەی داعش لە ئامادەکاری بۆ هێرشەکانی سەر هۆتێل لۆنگانی چینییەکان لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ و هێرشی خۆکوژی بۆ سەر بەشی سەربازی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ لە ١ی ئەم مانگە ڕۆڵیان ھەبووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، چەکدارانی تاڵیبان دوو ژنی ئەندام لە گرووپی داعشیان لە شاری زەرەنجی ناوەندی پارێزگای نیمرۆز دەستبەسەر کرد. ئەم ژنە داعشانە بەرپرسیار بوون لە هێنانی ئەندامانی بیانی داعش بۆ ناو ئەفغانستان.
هەرچەندە ململانێی نێوان داعش و تاڵیبان لە ئەفغانستان ئاشکرا و دیار نییە، بەڵام چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپە لە کابوڵ و شارەکانی دیکە، کاریگەریی قووڵی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە تەواوی پێکهاتەی حکوومەتی تاڵیباندا نیشان دەدات. بەشێوەیەک کە جیاکردنەوەی تاڵیبان لە داعش بۆ بەشی هەواڵگری تاڵیبان بۆتە بابەتێکی ئاڵۆز و قورس.
لێدوانەکان