هێرشی خۆکوژی داعش لە فڕۆکەخانەی کابوڵ + ڤیدیۆ
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر بەشی سەربازی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ، ٣٢ ئەندامی تاڵیبان کوژران و بریندار بوون.
لە ئەنجامی هێرشی خۆکوژی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر بازگەی یەکەمی بەشی سەربازی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ، ١٤ چەکداری تاڵیبان کوژران و ٢٢ چەکداری دیکەش بریندار بوون.
ئەمە یەکەم هێرشی تیرۆریستییە لەدژی گرنگترین یەکەی سەربازیی تاڵیبان لە پایتەختی ئەفغانستان و میدیاکانی تاڵیبان تا ئێستا وردەکاریی هێرشەکەیان بڵاونەکردۆتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەعماقی سەر بە داعش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک و وێنەی خۆکوژەکە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. به پێی ئەم بەیاننامەیه، یەکێک له خۆکوژەکانی داعش له ناو گردبوونەوەیەکی تاڵیبان پشتێنه خۆکوژییەکەی تەقیوەتەوه دوای ئەوەی بەربەستە ئەمنییەکانی بارەگای سەربازی تاڵیبان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵی تێپەڕاندووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی داعش، لەم هێرشەدا ٢٠ ئەندامی تاڵیبان کوژراون و نزیکەی ٣٠ی دیکەش برینداربوون. هەروەها میدیاکانی داعش رایانگەیاندووە کە ئەنجامدەری ئەم هێرشە یەکێک بووە لە هێرشبەرەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەم گروپە لە هۆتێلی چینی لە شاری کابوڵ، کە توانیبووی لە هۆتێلەکە هەڵبێت!
ئەم هێرشە بە دووەمین هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ هەژمار بکرێت. یەکەم هێرشی داعش بۆ ئەم فڕۆکەخانەیە لە کاتی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان لە ٢٦ی ٨ی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، کە بەهۆیەوە ٩٧ کەس کوژران کە ١٣ کەسیان ئەمریکی بوون و ٢٢٠ کەسیش برینداربوون.
لێدوانەکان