پێنج کوژراو و سێ بریندار لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە پارێزگای دەرعای سووریا

شەممە 31 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 22:58
https://kurdish.iswnews.com/?p=21167

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لەگەڵ بەردەوامی نائەمنی و پشێوی لە پارێزگای دەرعا، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا پێنج کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

زیادبوونی هێرشە تیرۆریستییەکانی پارێزگای دەرعا دەریدەخات کە نائەمنی لە زۆربەی شارەکانی ئەم پارێزگایە بڵاوبووەوە و بازنەی ئاژاوەگێڕی بەچاو ڕابردوو زیادی کردووە.

لە دوایین کردەوە دژە ئەمنیەکانی پارێزگای دەرعا، سێ کەسی خەڵکی شاری داعل بە تەقەی چەند چەکدارێکی نەناسراو کوژران. هەروەها گەنجێک لە شاری تەفس و نزیک بازاڕی ئەلهال لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تیرۆرکرا و بەهۆی تەقینەوەیەک لە شاری بەسرئەلحەریر کەسێکی دیکەی سڤیل گیانی لەدەستدا.

لە خولی نوێی تیرۆرکردنەکاندا، سێ کەسی دیکە لەوانە منداڵێک لە شارەکانی جاسم و نوێ لە ئەنجامی هێرشی چەکدارە نەناسراوەکان برینداربوون، کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر باری تەندروستییان لەبەردەستدا نییە.

بڵاوبوونەوەی تیرۆر و نائەمنی لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا بە ڕوونی کاریگەریی لەسەر کەرتی ئابووری و ژیانی خەڵک داناوە. نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کۆتایی هێنان بە نائەمنی لە پارێزگای دەرعا، جگە لە ترس و ناڕەزایەتی خەڵک، زۆرێک لە دانیشتوانی ئەم پارێزگایەی ناچار بە کۆچکردن کردووە. ئامارە نافەرمیەکان دەریدەخەن کە هەزاران کەس لە دانیشتووانی پارێزگای دەرعا ئەم ناوچەیەیان بەرەو وڵاتانی عەرەبی یان ئەوروپا بە هۆکاری جۆراوجۆر لەوانە تێکچوونی دۆخی ئەمنی بەجێهێشتووە.

شایانی باسە لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلی یوسف ئەلزاحی بەرپرسێکی شارۆچکەی ئەلجیزە لە ڕۆژهەڵاتی دەرعا کە بەهۆیەوە پۆلیسێکی سووری گیانی لەدەست دا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *