دیمەشق گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیا بە ئەرێنی هەڵسەنگاند

هه‌ینی 30 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 15:51
https://kurdish.iswnews.com/?p=21127

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ، دیمەشق لە بەیاننامەیەکدا کۆبوونەوەکەی بە “ئەرێنی” وەسف کرد.

وەزارەتی بەرگریی سوریا سەبارەت کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە لەگەڵ هاوتا تورکەکانیان لە پایتەختی ڕووسیا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، بە بەشداری لایەنی ڕووسیا، وەزیری بەرگری سوریا و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەواڵگری گشتی ئەم وڵاتە لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە پایتەختی ڕووسیا – مۆسکۆ کۆبوونەتەوە.

وەزارەتی بەرگری سوریا لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا بەبێ ئاماژەدان بە وردەکاری زیاتری ئەم دیدارە، کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی وەسف کرد.

ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە خەلوسی ئاکار وەزیری بەرگری و هاکان فیدان سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگری لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و هەروەها بەرپرسانی هەواڵگری ڕووسیا و سوریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری تورکیا، هەرسێ لایەن سەبارەت قەیرانی سوریا و کێشەی پەنابەرانی ئەم وڵاتە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گفتوگۆیان کردووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەرسێ لایەن لەسەر بەردەوامیی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکان بەمەبەستی دەستەبەرکردن و پاراستنی سەقامگیریی سوریا و ناوچەکە ڕێککەوتوون.

شایانی باسە، دوای یازدە ساڵ، ئەمە یەکەمجارە وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا کۆببنەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *