کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ڕووسیا، تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ

چوارشەممە 28 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 22:36
https://kurdish.iswnews.com/?p=21051

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وەزارەتی بەرگری ڕووسیا کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری تورکیا، سووریا و ڕووسیای لە مۆسکۆ ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ وەزیرانی بەرگری ڕووسیا، تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵییان ئەنجام دا. لایەنە ئامادەبووەکانی ئەم کۆبوونەوەیە باسیان لە پرسەکانی پەیوەست بە چارەسەری قەیرانی سووریا، کۆچبەران و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سووریا کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، لەم دیدارەدا، چارەسەری قەیرانی سووریا تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر پێویستی درێژەدان بە وتووێژ بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە سووریا کرایەوە. دوابەدوای ئەم دیدارە، وەزیرانی بەرگری هەر سێ وڵات ئەنجامی دانوستانەکانیان بە ئەرێنی زانی و ئاماژەیان بە پێویستی درێژەدان بە دانوستانەکان بە مەبەستی سەقامگیری زیاتری دۆخی سووریا و هەموو ناوچەکە کردەوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا هەروەها لە بەیاننامەیەکدا ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی تورکیا خەلوسی ئاکار و سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگری تورکیا هاکان فیدان لە مۆسکۆ و دیدار لەگەڵ وەزیرانی بەرگری ڕووسیا و سووریا و هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئەم دوو وڵاتە ڕاگەیاند.

جێی ئاماژەیە کە دوای یازدە ساڵ ئەمە یەکەمجارە وەزیرانی بەرگری سووریا و تورکیا کۆدەبنەوە. ئەنجامدانی ئەم دیداره هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە باکووری سووریا لەدژی گرووپە کوردییەکان، به هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *