ئەنجوومەنی ئیسلامی یەکگرتوویی خۆڕاگری دژ بە تاڵیبان بوونی خۆی ڕاگەیاند
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ محەممەد ئیسماعیل خان یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی ئیسلامی، لەگەڵ کۆمەڵێک فەرماندەی مەیدانی ئەفغانستان “ئەنجوومەنی ئیسلامی یەکگرتوویی خۆڕاگری دژ بە تاڵیبان”یان لە ئێران پێکهێنا.
محەممەد ئیسماعیل خان، یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی ئیسلامی ئەفغانستان و کاریگەرترین فەرماندەی جیهادی لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان، دوای پرس و ڕاوێژێکی زۆر لەگەڵ کۆمەڵێک فەرماندەی جیهادی لە پارێزگا جیاجیاکانی ئەفغانستان و فەرماندەکانی سوپا لە حکومەتی پێشوو، ئەنجومەنێکی نوێ لە ژێر ناوی “ئەنجوومەنی ئیسلامی یەکگرتوویی خۆڕاگری دژ بە تاڵیبان” دامەزراند. ئەم ئەنجومەنە لە ٢٢ی کانونی یەکەم بە بەڕێوەبردن و هەماهەنگی محەممەد تەها سادیق کوڕی ئیسماعیل خان لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خوراسانی ئێران پێکهێنراوە.
لە کۆبوونەوەی ڕاگەیاندنی بوونی ئەم ئەنجومەنە، ئیسماعیل خان جەختی لە خەباتی چەکداری دژ بە تاڵیبان کردەوە و وتی: پێویستە ڕیزەکانی خەباتی چەکداری دژی تاڵیبان یەکبخەین.
ناوبراو هەروەها بانگهێشتی هەموو سەرکردە و کەسایەتییەکانی دژبەری تاڵیبان کرد که له ژێر یەک ئاڵادا کۆببنەوه و بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەفغانستان له ژێر داگیرکاریی تاڵیبان، خەباتی چەکداری لەگەڵ ئەم گرووپە بکەن.
ناوبراو لەم دیدارەدا کەریم خەلیلی و محەممەد مۆحەقێق لە سەرکردە سیاسییەکانی ئەفغانستان و پیاوماقوڵانی عەشیرەتی هەزارە تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئاستێکی لاوازیان بەرامبەر تاڵیبان هەبووە.
ئیسماعیل خان دوای کەوتنی هەرات بە دەستی تاڵیبان، سەردانی شاری مەشهەدی کرد و لە ئێرانەوە بەردەوامی بە چالاکییەکانی دژ بە تاڵیبان دا و دیدار و دانوستانەکانی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکەی ئەفغانستان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو دژی تاڵیبان دەستپێکرد.
لێدوانەکان