هێرشی داعش بۆ سەر بارەگای هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو جەرگەی شاری ڕەققە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر بارەگای هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شاری ڕەققە، چوار کەس لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژران.
دوو ئەندامی گرووپی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گەڕەکی ئەلدەرعیە لە ڕۆژئاوای شاری ڕەققە و لە ئەنجامدا چوار ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژران. بەپێی زانیاریەکان لەم هێرشەدا یەکێک لە هێرشبەرەکان کوژراوە و کەسێکی دیکەش کە پشتێنەی خۆکوژی هەبووە لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە دەستگیرکراوە.
دوای چەند کاتژمێرێک گرووپی تیرۆریستی داعش بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە، بەرپرسیارێتی ئەم ئۆپەراسیۆنەی لە ئەستۆ گرت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ٦ کەس لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژراون و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
جێی ئاماژەیە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان بۆ پشکنین و دەستگیرکردنی شانە نووستوەکانی داعش و کەسانی سەر بەو گرووپە لە شاری ڕەققە دەستپێکردووە، کە تا ئێستاش بەردەوامە.
لێدوانەکان