سعودیە کۆنترۆڵی بنکەی ئەلعەنەد لە باشووریەکان وەرگرتەوە

یەکشەممە 25 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 17:46
https://kurdish.iswnews.com/?p=20972

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزەکانی سەر بە عەرەبستانی سعوودی بە دەرکردنی چەکدارانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور و چۆڵکردنی بنکەی ئەلعەنەد لە پارێزگای لەحج لەلایەن بەکرێگیراوانی سودانییەوە، ئەم بنکە ستراتیژییەیان کۆنترۆڵکرد.

دوابەدوای دەرکردنی فەرمانی ژووری فەرماندەیی هاوپەیمانی سعودیە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور و بەکرێگیراوانی سودانی لە بنکەی ئەلعەنەد لە پارێزگای لەحج و جێگیرکردنی هێزەکانی ئەلدەرع ئەلوەتەن لەم بنکەیە گرنگەدا، گرژییەکانی نێوان باشوورییەکان و سعودیە زیادی کرد.

ئەم گرژییە کاتێک زیاتر بوو کە هێزەکانی ئەلدەرع ئەلوەتەن ڕێگرییان لە هێزە چەکدارەکانی لیوای ١ی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور کرد بۆ چوونە ناو بنکەی ئەلعەنەد و هێزە چەکدارەکانی هەردوولا ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوە بوونەوە.

سەرەڕای زیادبوونی گرژییەکان، ئەمڕۆ ٢٥ی کانونی یەکەم، هێزە سودانییەکان بە چۆڵکردنی پێگەکانیان، بنکەی ئەلعەنەدیان ڕادەستی هێزەکانی ئەلدەرع ئەلوەتەن کردەوە. لەگەڵ ئەوەش ئەگەری پاشەکشەی باشووریەکان لە ناوچەکانی نزیک لە بنکەی ئەلعەنەد زیاتر دەبێت.

هێزەکانی ئەلدەرع ئەلوەتەن ئەو میلیشیایانەن کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بە پاڵپشتی سعودیە و ڕۆڵی سەغیر بن عەزیز و تاریق ساڵح لە هۆزەکانی لایەنگری سعودیە لە پارێزگای حەزەرمەوت، هێزەکانی ئەلیەمەن ئەلسەعید (سەر بە سەغیر بن عەزیز) و بەشێک لە هێزەکانی لایەنگری تاریق ساڵح لە ڕۆژئاوای پارێزگای لەحج پێکهاتبوون.

بێ گومان ئەم پێشهاتانە پەیوەندییان بە دەستبەسەرکردنی عیدرۆس ئەلزوبەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور لە سعودیە هەیە و ئاماژەن بۆ جێبەجێکردنی پلانی سعودیە بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی باشوورییەکان لە خاڵە ستراتیژییەکانی باشووری ڕۆژئاوای یەمەن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *