سوپای پاکستان کۆتایی بە بارمتەگرتن لە شاری بەنوو هێنا

یەکشەممە 25 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 00:13
https://kurdish.iswnews.com/?p=20959

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سوپای پاکستان دوای سێ ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان، سەرکەوتوو بوو لە ئازادکردنی بارمتەکان و کێوماڵکردنی بینای بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری حکومەتی پاکستان لە شاری بەنوو لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی تەحریکی تاڵیبان.

لە ١٨ی کانونی یەکەم، بەشێک لە ئەندامانی گرووپی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) هێرشیان کردە سەر بینای دژەتیرۆری حکومەتی پاکستان لە شاری بەنوو لە ناوچەی وەزیرستانی باکوور و پێنج سەربازی سوپای پاکستانیان کوشت و هەشت کەسی دیکە لەوانە خورشید ئەکرەم، سەرۆکی بەشی دژەتیرۆریان بە بارمتە گرت.

ئەندامانی تەحریکی تاڵیبان بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەو کەسانە، وێڕای هۆشداریدان بە سوپای پاکستان، داوای ئازادکردنی زیندانیانی تاڵیبانیان کرد و مەرجی ئازادکردنی هێزەکانی پاکستانیان کردنەوەی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ ئەفغانستان ڕاگەیاند.

بەڵام لە لایەکی ترەوە سوپای پاکستان دوای چەند دانوستانی بێ ئەنجام لەگەڵ تەحریکی تاڵیبان، ئەو داوایانەی ڕەتکردەوە و لە ٢٠ی کانوونی یەکەمدا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ پاککردنەوەی بینای بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر لە شاری بەنوو دەستپێکرد. بەپێی میدیاکانی سەر بە حکومەت، سوپای پاکستان لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٣٣ ئەندامی تاڵیبانی پاکستانی کوشتووە و کۆتایی بە دۆخی بارمتەگرتن هێناوە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا کە ٤٨ کاتژمێری خایاند، دوو سەربازی پاکستانیش کوژران و حەوت سەربازی دیکەش بریندار بوون.

بەپێچەوانەی ڕاپۆرتی میدیاکانی سەر بە حکومەتی پاکستان، محەممەد خۆراسانی، وتەبێژی تەحریکی تاڵیبان، لە ٢١ی کانونی یەکەم، جەختی لە بەردەوامیی پێکدادان لە بینای بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر و ناوچەکانی دیکەی شاری بەنوو کردەوە. بەپێی زانیارییەکانی خۆراسانی، سوپای پاکستان بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بینای دژەتیرۆر.

شاری بەنوو یەکێکە لە شارە گەورەکانی پارێزگای خەیبەر پختونخوا لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان و زۆربەی دانیشتووانی پەشتون زمانن. ئەم شارە و ناوچە سنوورییەکانی دیکەی پارێزگای خەیبەر پختونخوا لە ساڵانی ڕابردوودا لە ژێر کاریگەریی گرووپی تیرۆریستیی تەحریکی تاڵیبان پاکستان (TTP) بوون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *