ڕژێمی زایۆنی سەدان خانووی نیشتەجێبوونی لە کەرتی ڕۆژئاوا و قودس وێران کرد

هه‌ینی 23 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 22:09
https://kurdish.iswnews.com/?p=20938

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەرپرسێکی کۆمیتەی خۆڕاگری دژی دروستکردنی شارۆچکە زایۆنی نشینەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە ئەم ڕژێمە لە ماوەی ئەمساڵدا (٢٠٢٢) نزیکەی ١٠٠٠ خانووی نیشتەجێبوون و بینای سەر بە فەلەستینییەکانی لە کەرتی ڕۆژئاوا و قودس وێران کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمیر داود، بەرپرسی کۆمیتەی خۆڕاگری لە دژی دروستکردنی شارۆچکە زایۆنی نشینەکانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ساڵی ٢٠٢٢ بۆ فەلەستینییەکان زۆر قورس بوو، چونکە ڕژێمی داگیرکەر ٨٥٠ خانوو و شوێنی بازرگانی، دامەزراوە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانی لە کەرتی ڕۆژئاوا وێران کردووە، و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان یان بێبەش بوونیان لە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: پرۆسەی ڕووخاندنەکە سەرجەم گەڕەکەکانی ناوچەی مسافر یەتا لە باشووری ئەلخەلیل و گوندەکانی دۆڵی ئوردن، نابلوس و سەلفیت دەگرێتەوە.

بەرپرسی کۆمیتەی خۆڕاگری لە دژی دروستکردنی شارۆچکە زایۆنی نشینەکان زیادی کرد: داگیرکەران هەروەها هۆشداریان بۆ ڕووخاندنی هەزار و ١٥٠ خانوو لە کەرتی ڕۆژئاوا بڵاو کردووەتەوە.

داود هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە قودسی داگیرکراو و لە چوارچێوەی پلانەکانی ڕژێمی داگیرکەر بۆ بە جوولەکەکردنی ئەم شارە، بولدۆزەرەکانی داگیرکەران ٢١١ خانووی نیشتەجێبوون و پێکهاتەی سەر بە فەلەستینییەکانیان لە شارۆچکەکانی سلوان، عیسویە و بەیت حەنینا وێران کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: ڕژێمی داگیرکەر هەڕەشەی لەناوبردنی ٢٢ هەزار خانووی نیشتەجێبوونی فەلەستینییەکانی قودسی داگیرکراوی کردووە و ئەمەش بە مانای وێرانکردنی یەک لەسەر سێی خانووەکانی ئەم شارەیە.

نزیکەی ٦٦٦ هەزار زایۆنی لەکاتێکدا لە ١٤٥ شارۆچکەی نیشتەجێبوونی گەورە و ١٤٠ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە کەرتی ڕۆژئاوا، لەوانە قودسی ڕۆژهەڵات دەژین، کە بە پێی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، هەر جۆرە بیناسازییەک لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین نایاساییە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *