هێرشی چەکدارانی تەحریر شام بۆ سەر پێگەکانی سوپای سوریا لە باشووری ئیدلب + ڤیدیۆ
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەهۆی هێرشی چەکدارەکانی تەحریر شام بۆ سەر پێگەکانی سوپای سوریا لە ناوچەکانی باشووری ئیدلب، چەندین سەربازی سوریا گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.
ئەمڕۆ ٢٢ی کانونی یەکەم، چەکدارانی تەحریر شام ڤیدیۆی هێرشیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای سوریا لە میحوەرەکانی معارە موخس و ئەلبریج لە باشووری ئیدلب بڵاوکردەوە.
تەحریر شام ئیدیعای ئەوەی کردووە کە لەم پێکدادانانەدا ١٥ کەس لە هێزەکانی سوپای سوریا کوژراون و بریندار بوون، بەڵام بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە ئەم گروپە بڵاویان کردۆتەوە تەنها تەرمی سێ سەربازی سوریا دەبینرێت. تا ئێستا فەرماندەکانی سوپای سوریا هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
ئەمە پێنجەمین و شەشەمین هێرشی تەحریر شام بوو بۆ سەر پێگەکانی سوپای سوریا لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا. پێشتریش لە ١١ی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا چەکدارانی تەحریر شام هێرشیان کردبووەوە سەر پێگەکانی سوپای سوریا لە نزیک گوندی دادیخ لە پارێزگای ئیدلب و گوندی بەیزا لە پارێزگای لازقیە. چەند ڕۆژ دوای ئەوە و لە ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی کانوونی یەکەم، پێگەکانی سوپای سوریا لە میحوەری قوبتان ئەلجەبەل لە پارێزگای حەلەب و ئەلئەربیخ لە پارێزگای ئیدلب، لە لایەن چەکدارانی تەحریر شامەوە هێرش کرابووەوە سەر.
ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای ئاگربەست لەلایەن تەحریر شامەوە لە ناوچەی ئیدلب نیشان دەدات، بەڵام سەرەڕای ئەوە، سوپای سوریا و هاوپەیمانانی تا ئێستا وەڵامی ئەو هێرشانەیان نەداوەتەوە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە تەحریر شام ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بەرفراوان دژی سوپای سوریا دەکات و هێرشەکانی ئەم دواییەی تەنها بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی سوپای سوریا بووبێت.
لێدوانەکان