سەردانی زێلێنسکی بۆ ئەمریکا؛ ناردنی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا پشتڕاستکرایەوە

پێنجشەممە 22 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 12:59
https://kurdish.iswnews.com/?p=20895

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە یەکەم گەشتی خۆیدا دوای دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکرانیا، بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و قسەکردن بۆ کۆنگرەی ئەم وڵاتە، گەیشتە واشنتۆن.

شەوی ڕابردوو ٢١ی کانوونی یەکەم، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە گەشتێکی گرنگدا بۆ ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن سەرۆکی کۆماری ئەم وڵاتە کۆبووەوە. ئەمە یەکەم گەشتی زێلێنسکییە بۆ دەرەوەی ئۆکرانیا دوای دەستپێکردنی شەڕ لەم وڵاتە.

لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی پاڵپشتی دارایی و سەربازیی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیا کردەوە. لەمبارەیەوە، بایدن لە لێدوانەکانیدا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی گەیاندنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا لە چوارچێوەی هاوکارییە سەربازییە نوێیەکان بە بەهای ١ ملیار و ٨٥ ملیۆن دۆلار، پێشبینیی پەسەندکردنی ٤٥ ملیار هاوکاری سەربازیی دیکەی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

زێلێنسکی هەروەها ئەم گەشتەی بە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکرانیا و ئەمریکا زانی و جەختی لە هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ڕووسیا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ کردەوە.

دوای ئەم دیدارە، زێلێنسکی لە کۆنگرەی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی وتارێک و ڕاوێژ لەگەڵ سەرکردەکانی کۆنگرێس و سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو حزبی ئەمریکا ئامادەبوو. زێلێنسکی لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە لێدوانەکانیدا دژی ڕووسیا و ئێران ڕایگەیاند؛

“ڕووسیا هاوپەیمانێکی وەک ئێرانی لە جینۆساید دژی ئۆکراینییەکان دۆزیەوە. ئێران سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری بۆ ڕووسیا ناردووە بۆ لەناوبردنی ژێرخانەکانی ئێمە و ئەمەش تیرۆریستێکە کە یارمەتی تیرۆریستێکی دیکە دەدات. ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر ساتێکدا هێرش بکەنە سەر هاوپەیمانێکی ترمان و دەبێت ڕێگرییان لێ بکەین، هاوکارییە ملیارد دۆلارییەکانتان بۆ ئۆکرانیا کە پەسەند کراوە بۆ ئەوەی هاوکارمان بن لە شەڕی دەستدرێژی ڕووسیا، خێرخوازی نییە! بەڵکو وەبەرهێنانێکە لە ئاسایش و دیموکراسی جیهانیدا. خەباتی سەربازانی ئۆکرانیا لە دژی ڕووسیا هاوشێوەی خەباتی سەربازانی ئەمریکییە لە دژی هیتلەر لە ساڵی ١٩٤٤ و ئۆکرانیا هەرگیز تەسلیمی ڕووسیا نابێت.”

کاربەدەستانی ڕووسیا ئەم سەردانەیان بە ئاماژەیەک بۆ ئامادەنەبوونی ئۆکرانیا و ئەمریکا بۆ ئاشتی زانی و جەختیان لەوە کردەوە کە ناردنی چەکی ڕۆژئاوایی بۆ ئۆکرانیا تەنیا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *