هێرشی فڕۆکە نەناسراوەکان بۆ سەر چەند ئامانجێک لە پارێزگای دێرەزوور
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە نەناسراوەکان بۆ سەر ناوچەیەکی لە نزیک شاری سنووری ئەلبوکەمال لە سوریا، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بە تەواوی تێکشکێندرا.
ڕۆژی رابردوو ١٦ی کانونی یەکەم، سەرچاوەیەکی مەیدانی “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام” هەواڵی هێرشی فڕۆکە نەناسراوەکان (پێدەچێت سەر بە هاوپەیمانی ئەمریکا بێت) بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی ترێلەر لە نزیک شاری سنووری ئەلبوکمال لە پارێزگای دێرەزووری سوریا بڵاوکردەوە. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا بارهەڵگرەکە بە تەواوی تێکشکا.
هەرچەندە تا ئێستا وردەکاریی زیاتری ئەم هێرشە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هەندێک سەرچاوە بەبێ بڵاوکردنەوەی هیچ بەڵگەیەکی بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەم هێرشە لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێکی ترێلەر کە سەر بە ئێران بوو تێکشکاوە. تا ئێستا دەسەڵاتدارانی سوریا هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
شایانی باسە لە ٩ی تشرینی دووەمی ئەمساڵیشدا کاروانێکی سووتەمەنی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە عێراقەوە بەرەو لوبنان بەڕێوەبوو، دوای بەزاندنی دەروازەی سنووریی قائیم و چوونە ناو سوریا، لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە هێرش کرایە سەر. لە ١٤ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، ئەڤیڤ کۆخاڤی، سەرۆک ئەرکانی گشتیی ئیسرائیل، لە میانەی وتارێکدا، بەرپرسیارێتی هێرشی سەر کاروانی سووتەمەنی ئێرانی لەسەر سنووری عێراق و سوریا لە ئەستۆ گرت.
لێدوانەکان