پاداشتی ملیۆن دۆلاری ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی ئەلقاعیدە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە یەمەن پاداشتی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسانە راگەیاند کە زانیاری باوەڕپێکراو سەبارەت بە ئیبراهیم ئەلبەنا، یەکێک لە ئەندامانی باڵای گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە هەبێت.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پاداشتی پێنج ملیۆن دۆلاری دەداتە هەر کەسێک کە زانیاری باوەڕپێکراو سەبارەت بە ئیبراهیم ئەلبەنا ناسراو بە ئەبو ئەیمەن ئەلمسری بزانێت کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە.
ئیبراهیم ئەلبەنا یەکێکە لە نەناسراوترین سەرکردە باڵاکانی گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە، کە جگە لەوەی ڕۆڵی لە دامەزراندنی ئەم گرووپە لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا هەبووە، بەرپرسی کاروباری ئەمنی ئەم گرووپەیە و فەرمانی سەربازی و ئەمنی دەداتە سەرکردەکان و ئەندامانی ئەم گروپە.
ئەلقاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەبی باڵێکی گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیان بە چالاکییە جیددییەکانی لە یەمەن و عەرەبستان کردووە. دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و سەرۆکایەتیی عەبدڕەبو مەنسوور هادی، ئەم گرووپە بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر لە یەمەن چالاکییەکانی ئەنجام دا و کۆنترۆڵی تەواوی هەندێک ناوچەی گرتە دەست، بەڵام پێشڕەوی هێزەکانی ئەنساروڵڵا لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکانی سەنعا، سەعدە و… ڕێگری لە پێشڕەوی گرووپە ئەلقاعیدە کرد و ئەم گرووپە لە ناوچە دوورەدەستەکانی یەمەن، لەوانە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی یەمەن و باکوری پارێزگای ئەلبەیزا و چەند شوێنێکی تر جێگیر بوون. ئەلقاعیدە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ عەبدڕەبو مەنسور هادی سەرۆکی پێشووی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە و عەلی موحسێن ئەحمەد جێگری سەرۆکی پێشووی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە و چەند کەسێکی تر هەیە.
لێدوانەکان