زیادکردنی ژمارەی پاسەوانانی سنوور لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق زیادکردنی ژمارەی پاسەوانانی سنووری لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەرچی زووتری ناوچە سنوورییەکان ڕاگەیاند.
ڕۆژی رابردوو ١٣ی کانونی یەکەم، تەحسین ئەلخەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق، قبوڵکردنی داواکاریی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی ژمارەی پاسەوانانی سنوور لەلایەن عەبدولئەمیر ئەلشەمری وەزیری ناوخۆی عێراق ڕاگەیاند و وتی: پێویستە بە خێرایی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکرێن.
ئەلخەفاجی وتی، مەبەست لە زیادکردنی ژمارەی پاسەوانانی سنوور خێراترکردنی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگریکردنە لە هەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆ سەر سنوورەکانی عێراق، و ئاماژەی بەوەشکرد: لە هێڵی سفری سنووری خاڵی سنووری نێوان ئێمە و تورکیا زۆرن و ژمارەی ئێستای (پاسەوانانی سنوور) بەس نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەم خاڵە سنوورییەکان.
شایانی باسە دووشەممە ١٢ی کانونی یەکەم کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەندامانی شاندی حکومەتی ناوەندی عێراق و شاندی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی عەبدولئەمیر ئەلشەمری وەزیری ناوخۆ، قەیس ئەلمحەممەداوی، جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لەم دیدارەدا باس لە بابەتەکانی وەک بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرا.
لێدوانەکان