تاڵیبان بکەرانی تیرۆرکردنی ڕەحیموڵڵا حەقانی دەستگیرکرد؛ کام داعشی دزەی کردبوو ناو تاڵیبان؟

یەکشەممە 11 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 11:58
https://kurdish.iswnews.com/?p=20483

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ تاڵیبان رایگەیاند کە پێنج لە تاوانبارانی تیرۆرکردنی شێخ ڕەحیموڵڵا حەقانی، ئایدۆلۆژیستێکی دیاری تاڵیبان لەلایەن هەواڵگری ئەم گرووپەوە دەستگیر کراون.

سەرچاوە هەواڵیەکانی تاڵیبان دەستگیرکردنی پێنج کەسیان ڕاگەیاند کە تێوەگلاون لە تیرۆرکردنی ڕەحیموڵڵا حەقانی، یەکێک لە زانایانی دیاری دێوبەندی لە پارێزگای نەنگەرهار و لە کاریگەرترین بانگخوازانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و پاکستان.

ڕەحیموڵڵا حەقانی یەکێک لە لایەنگرانی فیکری تاڵیبان و لە ڕەخنەگرانی گرووپی تیرۆریستی داعش بوو کە بە یەکێک لە کەسانی نزیک لە سیراجەدین حەقانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی تاڵیبان دادەنرا. ناوبراو لە تەقینەوەیەکی داعشدا لە ١١ی ئابی ٢٠٢٢ کوژرا.

لەئێستادا یەکێک لەو کەسانەی کە لەلایەن بەشی هەواڵگری تاڵیبانەوە دەستگیرکراوە کەسێکە بە ناوی حاجی بەشیروڵڵا. تۆڕی قەندەهاری سەر بە ئیدارەی هەواڵگری تاڵیبان لە هەنگاوێکی سەیردا ناوبراوی کە بەرپرسی هێرشە خۆکوژییەکانی تۆڕی حەقانی و تاڵیبان لە شاری کابوڵ لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا بوو، بە تۆمەتی تیرۆرکردنی ڕەحیموڵڵا حەقانی دەستگیر کردووە.

حاجی بەشیروڵڵا کوڕی محەممەد داود خەڵکی گوندی پادخابی سەر بە شاری پۆل عەلامی ناوەندی پارێزگای لوگەر، یەکێکە لە سەرکردە سەرەکییەکانی گرووپەکانی ئیستیشهادی تاڵیبان. لەسەر فەرمانی سیراجەدین حەقانی، سەرۆکی تۆڕی حەقانی، لە سەردەمی حکومەتی پێشووی ئەفغانستاندا دەیان هێرشی خۆکوژی ئەنجامداوە، کە بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

حاجی بەشیروڵڵا لە ساڵی ٢٠١٩ وەک ئەمیری داعش لە شاری پۆل عەلەم دەستنیشان کرا، و لە گوندەکانی دەشتەک و زەخیل و پادخاب سەر بە پارێزگای لوگەر دەست بە چالاکییەکانی بۆ دامەزراندنی خەڵک لە ناو ریزەکانی داعش کردەوە. لە هەمان کاتدا کە سەرکردەی داعش بوو لە شاری پول عەلەم، هاوکات هاوکارییەکانی لەگەڵ تۆڕی حەقانی فراوانتر کرد و گەیشتە پێگەیەکی بەرز لە ڕێکخستنی ناوخۆی تۆڕی حەقانیدا. هاوکات لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی پێشوو و سەرهەڵدانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، بە پێکهێنانی گرووپێکی سەربازیی فرە ئەندامی لە شاری کابول، چالاکیی دژە تاڵیبانی لەناو ڕێکخراوی تاڵیبان دەستپێکرد!

هێرشی خۆکوژی بۆ سەر قوتابخانەی ئایینی “شێخ ڕەحیموڵڵا حەقانی” لە شاری کابول، گەورەترین و ڕەنگە دوا ئۆپەراسیۆن بێت کە لەلایەن ناوبراوەوە ڕێکخرابێت، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە دە ئەندامی تاڵیبان، لەوانەش “شێخ ڕەحیموڵڵا حەقانی”.

دەستگیرکردنی حاجی بەشیروڵڵا بۆ تاڵیبان نەک شانازی بەڵکو شکستێکی جدییە، چونکە تاڵیبان فەرماندەیەکی داعشی – تاڵیبانی دەستگیرکردووە و لە دۆخێکدان کە نە دەتوانن شانازی بەم هەوڵە بکەن، نە دەتوانن بوونی داعش لەناو رێکخراوی تاڵیباندا و شکستی فیکری و هەواڵگری خۆیان ڕەت بکەنەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *