وەزیری بەرگری تاڵیبان سەردانی ئیماراتی کرد

پێنجشەممە 8 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 12:17
https://kurdish.iswnews.com/?p=20391

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ مەلا محمد یەعقوب موجاهید وەزیری بەرگری تاڵیبان لە سەردانێکی فەرمی بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان کۆبووەوە.

مەلا محەممەد یەعقوب موجاهید وەزیری بەرگری تاڵیبان لە ٣ی کانونی یەکەم بە یاوەری شاندێکی تاڵیبان سەردانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد و لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئەم وڵاتە و شێخ محەمەد بن ڕەشید ئال مەکتوم حاکمی دوبەی دیدار و گفتوگۆی کرد.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند: دیدار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیمارات و ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی تاڵیبان لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی فارس لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە بوون.

وەزیری بەرگری تاڵیبان هەروەها لە ٧ی کانوونی یەکەم لەگەڵ تۆماس وێست نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان کۆبووەوە و دوایین دۆخی ئەفغانستانیان تاوتوێ کرد. هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانەدا، حامید کارزای سەرۆککۆماری پێشووی ئەفغانستانیش دوای ساڵێک لە سنووردارکردنی سەردانی ئیمارات کرد و لەگەڵ تۆماس وێست کۆبووەوە. سەرەڕای ئاشکرانەکردنی وردەکاری و تەوەری ئەم دیدارانە، پێدەچێت دیداری تاڵیبان و کارزای لەگەڵ ئیماراتیەکان و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا ئامانجی گرنگی هەبێت.

شایانی باسە ئیمارات یەکێکە لەو سێ وڵاتەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا دانیان بە حکومەتی پێشووی تاڵیباندا ناوە و پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ ئەواندا هەیە. نوێبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیماراتیەکان، دەرئەنجامی شکستی یەک ساڵەی تاڵیبانە لە بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دانپێدانان. لەم ئاڕاستەیەدا تاڵیبان ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی وەک حکومەتی گشتگیر، دۆخی کۆچبەرانی ئەفغانستان، پەیوەندی لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەکان و بەرهەمهێنانی زۆری ماددە هۆشبەرەکانە.
بۆیە پەیوەندی لەگەڵ ئیمارات کە پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها لۆبییە زایۆنیستییەکان هەیە، دەتوانێت کێشە سیاسییەکانیان چارەسەر بکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *