ناردنی پاسەوانانی سنووری عێراق بۆ سنوورەکانی تورکیا و ئێران
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ پاسەوانانی سنووری عێراق بە ئامێر و کەلوپەلی پێویست ڕەوانەی سنوورەکانی ئێران و تورکیا کران.
لە ٥ی کانوونی یەکەم، ڕۆژێک دوای لێدوانی یەحیا رەسووڵ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەبارەت فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا لەلایەن هێزەکانی عێراقییەوە، دوو لیوا لە پاسەوانانی سنووری ئەم وڵاتە لەگەڵ ئامێر و کەلوپەلی پێویست ڕەوانەی سنوورە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان کران.
بەپێی زانیاریەکان پاسەوانانی سنووری عێراق سەرەڕای بوونی هێزەکانی پێشمەرگە کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکانیان کردووە. ئەم هەنگاوە لە چەند رۆژی رابردوودا دوای چەندین کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. بەپێی رێککەوتنەکە، پاسەوانانی سنووری عێراق ناچنە ناو دەروازە سنوورەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.
جێی ئاماژەیە کە پلانی جێگیرکردنی پاسەوانانی سنووری عێراق لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێران و تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران تاوتوێ کرا. پێش سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێران، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق چوار بڕیاری نوێی بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی عێراقی لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا دەرکرد.
لێدوانەکان