کۆریدۆری ناوەڕاست؛ پلانی تورکیا بۆ گەیشتن بە چین!

یەکشەممە 4 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 20:20
https://kurdish.iswnews.com/?p=20222

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان و جۆرجیا لەم دواییانەدا نەخشەڕێگایەکیان بۆ ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٧ بۆ پەرەپێدانی ڕێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە دەریای قەزوینەوە یان ئەوەی کە بە “کۆریدۆری ناوەڕاست” ناسراوە، واژۆ کرد. ئەم پڕۆژەیە ئامانجی قۆرخکردنی ڕێڕەوی بازرگانی چینە و زۆرترین زیان بە ڕووسیا و ئێران دەگەیەنێت.

هەنگاوێک کە چاودێران بە بێزارکەر بۆ ڕووسیا و بە سوود بۆ چین دەزانن، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا وەک بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی کارتەکانی فشاری ئابووری مۆسکۆ پشتگیری لێ دەکەن. نەخشەڕێگاکە لە دووەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان و جۆرجیا لە شاری ئاکتائوی کازاخستان واژۆ کرا و ئامانج لێی زیادکردنی توانای کۆریدۆری ناوەڕاست تا ساڵی ٢٠٢٥ بە ١٠ ملیۆن تۆن لە ساڵێکدایە.

مۆختار تێلوبردی وەزیری دەرەوەی کازاخستان لە وتارێکیدا لە مەراسیمەکەدا ڕوونیکردەوە کە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پراکتیکی بۆ پێشخستنی هاوکاری لە دەریای قەزوین و دەریای ڕەش و تەنها بۆ پەرەپێدانی کۆریدۆری گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە دەریای قەزویدا سنووردار نابێت. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا لە باکو بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان بۆ ئاسانکاری لە میکانیزمەکانی گومرگی لەسەر رێگای کۆریدۆری (رێڕەوی) ناوەڕاست کردەوە. نتیلۆبردی بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی واژۆکردنی نەخشەڕێگای پەرەپێدانی رێڕەوی “کۆریدۆری ناوەڕاست” زیادی کرد: ئەم پلانە تەنها بۆ هەماهەنگی ڕێوڕەسمەکان نییە و ئامانج لەم پلانە جێبەجێکردنی پڕۆژەی تایبەتە. وەزیری دەرەوەی کازاخستان خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوونی جۆرجیا لەم دیدارەدا دەربڕی و وتی: زۆربەی پڕۆژە گەورەکانی گواستنەوە بە خاکی جۆرجیادا تێدەپەڕن، و ئێمەش بە پەرەپێدانی تواناکانی هێڵی ئاسنی “باکو-تفلیس-کارس” و هەروەها بۆرییە نەوتییەکانی “باکو – تفلیس – جەیهان” و “باکو – سوپسا” گەشبینین. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پلانیان هەیە لە ساڵی داهاتووەوە دەست بە گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری “باکو-تفلیس-جەیهان”ەوە بکەن.

“رێڕەوی ناوەڕاست” چییە؟

“رێڕەوی ناوەڕاست” ئەو ڕێگایەیە کە چین و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێگەی کازاخستان و دەریای قەزوین و کۆماری ئازەربایجان و جۆرجیا بە ئەوروپا دەبەستێتەوە، ئەم ڕێڕەوە جێگەی “رێڕەوی باکوور” دەگرێتەوە کە هێڵی بەستنەوەی چین و ئەوروپایە لە ڕێگەی ڕووسیا.

جگە لە ” رێڕەوی باشوور” و ” رێڕەوی باکوور”، ئەم رێڕەوە یەکێکە لە سێ رێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی نێوان چین و ئەوروپا، درێژییەکەی ٤٢٥٦ کم بە ڕێگەی زەمینی و شەمەندەفەر و ٥٠٨ کم لە ڕێگەی دەریاییەوەیە. ئەم ڕێڕەوە لە شاری کشگار لە شینجیانگی چین دەست پێدەکات و لەوێوە دەگاتە قرقیزستان و ئۆزبەکستان و پاشان دەگاتە بەندەری تورکمانباشی لە تورکمانستان. پاشان هەموو کەلوپەلەکان لە تورکمانستانەوە بە کۆنتێنەر دەگوازرێنەوە بۆ ئازەربایجان، لەوێشەوە بۆ جۆرجیا، پاشان بۆ تورکیا، بە تایبەتی بۆ وێستگەی شەمەندەفەری قەرس، پاشان بۆ ئەستەنبوڵ یان بەندەرەکانی تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا و ناوچەکانی دیکەی جیهان.

بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگی ئەم کۆریدۆرە، ئامارەکان دەریدەخەن کە شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر کە لە چینەوە بەرەو ئەوروپا لە ڕێگەی ” رێڕەوی ناوەڕاست”ەوە دەڕوات، لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ٧ هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت. ئەم ئامارە بەراورد دەکرێت لەگەڵ مەودای ١٠ هەزار کیلۆمەتر لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا لە حاڵەتی پەڕینەوە لە “رێڕەوی باکوور” و ٢٠ هەزار کیلۆمەتر لە ماوەی ٤٥ بۆ ٦٠ ڕۆژ لە حاڵەتی بەزاندنی “رێڕەوی باشوور”. بۆیە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و ژێرخانی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە “رێڕەوی ناوەڕاست” بە بەراورد بە “رێڕەوی باکوور” کە بە ڕووسیادا تێدەپەڕێت خێراترە.

جگە لەوەش قەبارەی ئەو بارانەی کە بە “رێڕەوی ناوەڕاست”دا تێدەپەڕن، ئەمساڵ سێ هێندە زیادیکردووە و لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمدا گەیشتووەتە ٨٤٥ هەزار تۆن، کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی ڕابردوودا ٣١١ تۆن بووە.

تورکیا گەورەترین سوودمەندە لەم پلانە

تورکیا یەکێکە لە لایەنگران و لایەنە سەرەکییەکانی “رێڕەوی ناوەڕاست”. ئەم وڵاتە دانوستانکار و وتووێژکاری سەرەکییە لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە ڕێڕەوەکە پێیدا تێدەپەڕێت، لە چینەوە تا ئازەربایجان. تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سوودمەندە لەو کۆریدۆرە، ئەمەش دەبێتە خاڵی پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە گواستنەوەی کاڵاکاندا. تەواوکردنی هێڵی شەمەندەفەری (باکو-تفلیس-کارس) کە ئازەربایجان بە جۆرجیا و تورکیا دەبەستێتەوە، یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەی کە ئەنقەرە سەرنجی لەسەر داوە، و پێشبینی دەکرێت تواناکانی ساڵانە بگاتە ١٧ ملیۆن تۆن کاڵا.

هەروەها ئازەربایجان سوودمەندێکی گرنگی ڕێڕەوی ناوەڕاستە، چونکە هەوڵدەدات پێگەی ئێستای خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕێڕەوێکی بازرگانی و وزەی جیهانی گرنگ. ئازەربایجان لە ئێستادا سەرقاڵی پەرەپێدانی ناوچەی ئازادی بازرگانی خۆیەتی لە شارێکدا کە نزیکەی ٧٠ کم لە باشووری پایتەختەوە دوورە. مۆدێرنیزاسیۆن و پەرەپێدانی بەندەری باکۆ کە دەکەوێتە کۆتایی ڕۆژئاوای دەریای قەزوینەوە، لە ئێستادا بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەچێت، قۆناغی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٢ و قۆناغی دووەم لە ساڵی ٢٠٢٠.

لە لایەکی دیکەوە، ئازەربایجان، کازاخستان و جۆرجیا ڕێڕەوێکی نوێی گواستنەوەیان داناوە کە توانای گواستنەوەی ٢٠٠ هەزار کۆنتێنەری ساڵانە بۆ زیادکردنی توانای “کۆریدۆری ناوەڕاست” هەبێت. بۆ ئاسانکاری لە تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان، هەر سێ وڵات پلانیان هەیە باجی یەکسان بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ناوخۆیی دابنێن. ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن لە “رێڕەوی ناوەڕاست” و پرۆژەکانی گەشەپێدان، پێشبینی دەکەن قازانجی ساڵانەکەی بگاتە یەک ملیار دۆلار، هەروەها لەگەڵ زیادبوونی پشتبەستن بەو رێڕەوە و کەمبوونەوەی پشتبەستن بە “رێڕەوی باکوور” کە بە ڕووسیادا تێدەپەڕێت، ژمارەکە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر دەکات. زۆرێک لە هەلومەرجەکان هانی پشتبەستن بە “رێڕەوی ناوەڕاست” دەدەن، بەتایبەتی کە نرخی ترانزێتی شەمەندەفەری ڕووسیا بەدرێژایی ڕێگای نێوان چین و ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢١دا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٥٠٪ زیادیکردووە، و ئەمەش لە پێش چاو وەردەگیرێت کە هێڵی شەمەندەفەری نێوان چین و ڕووسیا گەیشتووتە زۆرترین توانای خۆی و تەنانەت پێش دەستپێکردنی شەڕەکەش، ئیتر توانای زیادکردنی قەبارەی ئەو کۆنتێنەرانەی نەمابووکە تێیدا تێدەپەڕن.

بۆچی چین پشتگیری ئەم رێڕەوە دەکات؟

لە ساڵی ٢٠١٣ چین پلانی پشتێن و ڕێگای دەستپێکرد کە دوو ڕێڕەوی بازرگانی لەخۆدەگرێت. یەکەمیان ” پشتێنەی ئابووری ڕێگای ئاوریشم” کە بە ئاسیای ناوەڕاست و ئێران و تورکیادا تێدەپەڕێت بۆ گەیشتن بە ئەوروپا. دووەمیان ڕێڕەوێکی ئاوییە کە بە “رێگای ئاوریشمی دەریایی” ناسراوە کە لە دەریای باشووری چین و پاشان زەریای هیندی و دەریای سوورەوە سەرچاوە دەگرێت و دەگاتە دەریای ناوەڕاست، کە بۆ ئەو پلانە بودجەی بە بڕی ١٥٢ ملیار دۆلار دانراوە. لە ئێستادا پلانەکەی چین لەبەردەم کێشەیەکی گەورەدایە کە یەکەمیان گۆشەگیرکردنی ڕووسیایە لەلایەن ڕۆژئاواوە و لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ناتوانرێت لە پلانی ڕێگای ئاوریشمدا پشتی پێ ببەسترێت. بۆیە چین پێ ناخۆشیش نییە ئاسانکاری بۆ پەرەپێدانی “رێڕەوی ناوەڕاست” بکات، کە چین لە ڕێگەی دەریای قەزوینەوە دەگەیەنێتە ئازەربایجان و لەوێشەوە بۆ جۆرجیا و پاشان تورکیا، بە تێچووی کەمتر و لە ماوەیەکی کورتتردا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *