سەردانی نهێنی شاندێکی سەربازی ئۆکرانیا بۆ تەلئەبیب!

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ میدیایەکی عیبری سەردانی شاندێکی باڵای سەربازی ئۆکرانیا بۆ فەلەستینی داگیرکراو و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلیان راگەیاند.
کەناڵی ١٣ی تەلەڤزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند کە هەفتەی ڕابردوو شاندێکی باڵای سەربازی ئۆکرانیا لە گەشتێکی چەند ڕۆژەییدا بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلی سەردانی تەلئەبیبیان کردووە.
ئەندامانی ئەم شاندە چەندین دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوپا و دەزگای ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی ئەنجامداوە. لەم دیدارانەدا شاندی ئۆکرانیا جارێکی دیکە داواکاری کیێڤیان بۆ هاوکاری سەربازی گەیاندووەتە تەلئەبیب.
تا ئێستا هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە بڵاونەکراوەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەم دیدارە و ئەنجامەکانی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی تەلئەبیب و مۆسکۆدا بگێڕێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدات بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر گرژییەک لەگەڵ ڕووسیا، سەردانەکەی شاندی ئۆکرانیا بۆ فەلەستینی داگیرکراو بە کەم بایەخ پیشان بدات.
لەم دواییانەدا یەڤگنی کۆرنیچوک باڵوێزی ئۆکرانیا لە فەلەستینی داگیرکراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی زایۆنیستی کردبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی سوپای ڕووسیا، سیستەمی بەرگری “قوبەی ئاسنین” بدات بە کیێڤ. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی پێشبینی دەکەین تەلئەبیب مۆڵەتی گواستنەوەی مووشەکی دژە زرێپۆشی “Spike SR”ی دروستکراوی ئیسرائیل لە ئەڵمانیاوە بۆ ئۆکرانیا دەربکات.
سەرەڕای چەندین جار داواکاری بەرپرسانی ئۆکرانیا، بەرپرسانی ئیسرائیل بە مەبەستی پاراستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە گرژییەک لەگەڵ مۆسکۆ ڕەتیانکردووەتەوە چەک بۆ کیێڤ بنێرن. لەگەڵ ئەوەشدا، لەم دواییە میدیاکانی ئۆکرانیا وێنەی زرێپۆشێکی “گایا ئەمیر”ی دروستکراوی ئیسرائیلیان لە بەرەکانی خێرسۆن لە ئۆکرانیا بڵاوکردەوە کە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی هیچ لێدوانێکیان لەمبارەیەوە نەداوە.
لێدوانەکان