دوایین دۆخی سەربازی باکووری حەلەب؛ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژ بە گرووپە کوردییەکان؟!

چوارشەممە 30 تشرینی دووه‌م 2022 - 19:41
https://kurdish.iswnews.com/?p=20069

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئۆپەراسیۆنی زەمینی نوێی سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا، سەرەڕای ئامادەکارییە پێویستەکانی، بەهۆی دژایەتیی لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بە نادیاری ماوەتەوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەییەکانی سوپای تورکیا و چەکدارانی سەر بەو وڵاتە، بەشێوەیەکی بەرچاو لەدژی پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پارێزگای حەلەب زیادی کردووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا پێگەکانی گرووپە کوردییەکان لە ناوچەکانی تەل رەفعەت، عەین دەقنە، مەرعناز و شێخ عیسا کراوەتە ئامانجی هێرشە تۆپخانەییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا. ئەم پرسە لەگەڵ هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ پاککردنەوەی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە کوردییەکان، گریمانەکانی سەبارەت بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە باکووری سووریا زۆر بەهێزتر کردووە.

هەر لەبەر ئەمەش، ڕووسیا و ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، هەوڵیان داوە ئەو هێزانە بە قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەنقەرە و ڕێگری کردن لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی نوێ لە باکوری سووریا رازی بکەن، بەڵام تا ئێستا فەرماندەکانی هەسەدە ئەم مەرجانەیان قبوڵ نەکردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە نوێیەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان راگەیاندووە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشنیازانە کە ڕووسیا پێشکەشی هێزەکانی هەسەدە کردووە، دیارە ئەنقەرە بە دوای کشانەوەی گرووپە کوردییەکان لە شارەکانی منبج، کۆبانێ (عەین ئەلعەرەب) و تەل رەفعەت، دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتر لەگەڵ سنوورەکانی تورکیا، و ڕادەستکردنەوەی ئەم ناوچانە بە سوپای سووریا دەگەڕێت. وەک دەگوترێت ئەنقەرە وادەیەکی دیاری کردووە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی و ئەگەر ئەو داواکاریانە جێبەجێ نەکرێن، قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان بۆ سەر شارەکانی کۆبانێ (عەین ئەلعەرەب)، منبج و تەل رەفعەت دەستپێدەکات.

هەر لەو پێوەندییەدا، فێریدۆن سینیرلی ئۆغڵو، نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی باکووری سووریا وتی: ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە و بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ بەرگریکردن لە گەلی تورکیا و ئاسایشی سنوورەکانمان.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نوێنەرانی ڕووسیا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا لە کۆتایی نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی ئاستانە لە پایتەختی کازاخستان جەختیان لە پێویستی جێبەجێکردنی تەواوەتی سەرجەم ڕێککەوتنەکانی ئێستا لە باکووری سووریا، و پشتگیری لە سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە کردبووەوە.

لێدوانەکانی جۆن کیربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و پات ڕیدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەریدەخات کە لایەنی ئەمریکی هاوشێوەی لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار لە سووریا، تا ڕادەیەک دژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیایە لە باکووری سووریا.

شایانی باسە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە وەرگرتنی ڕەزامەندی ڕووسیا، ئێران و ئەمریکا. ئەمەش وایکردووە، دەسەڵاتدارانی تورکیا، سەرەڕای ئامادەکارییەکانی پێویست بۆ ئەم هێرشە، کاتێکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە باکوری سووریا ڕانەگەیەنن، و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکانی تورکیاش دژ بە گرووپە کوردییەکان تائێستا وەک هەڕەشەیەک ماوەتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *