ئایەتوڵڵا خامنەیی: ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانە، هەروەک چۆن ئاسایشی ئێران کاریگەری لەسەر عێراق هەیە
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە دیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری: بە پشت بەستن بە خەڵک و گەنجانی بە توانا و خاوەن ئیرادە لە دژی دوژمنانی پێشکەوتنی عێراق بوەستن.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، ئێوارەی ئەمڕۆ (سێشەممە) لە میانەی دیداری لەگەڵ بەڕێز محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختیان لەوە کرد: پێشکەوتنی عێراق و گەیشتن بە پێگەی بەرز و ڕاستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، و ئێمە پێمان وایە کە بەڕێزتان توانای بەرەوپێشبردنی کاروبار و پەیوەندییەکانی عێراق و گەیاندنی ئەم وڵاتە بۆ پێگەیەکی سەربەخۆ و شایستەی شارستانییەت و مێژووییەکەتان هەیە.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی پیرۆزبایی هەڵبژاردنی بەڕێز شیاع ئەلسودانی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و ناوبراوی بە کەسێکی دڵسۆز و بەتوانا ناوی برد، کە دانانی لە سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق مایەی دڵخۆشییە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی عێراقی بە باشترین وڵاتی عەرەبی ناوچەکە لە ڕووی سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکان و هەروەها پاشخانی کلتووری و مێژوویی و شارستانیەوە زانی و وتیان: بەداخەوە سەرەڕای پێشینەیەکی وا، عێراق هێشتا نەیتوانیوە بگاتە ئاستی بەرز و ڕاستەقینەی خۆی و هیوادارین بە ئامادەبوونی بەڕێزتان، عێراق پێشکەوتن و پێگەی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست بێنێت.
بەڕێزیان یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی عێراق بۆ گەیشتن بە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی گروپەکانی ناوخۆی عێراقی رایگەیاند و ووتیان: یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی ئەم پێشکەوتنە بەکارهێنانی زۆرترین گەنجی بەتوانا و خاوەن ئیرادەی عێراقە.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئاماژەیان بەوەدا: بێگومان پێشکەوتنی عێراق دوژمنی هەیە کە ڕەنگە بەڕواڵەت دوژمنایەتی نیشان نەدات، بەڵام حکومەتێکی وەک ئێوە قبوڵ ناکەن و دەبێت بە پشت بەستن بە خەڵک و کەسانی خاوەن ئیرادە و گەنج کە خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکی گەورە وەک داعش تاقیکردۆتەوە، لەبەرامبەر ئیرادەی دوژمن بوەستن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی پێشکەوتنی عێراقی لە بوارەکانی ئابووری، خزمەتگوزاری و تەنانەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خستنەڕووی ڕووخسارێکی ڕەوای حکومەت بۆ گەلی عێراق بە مەرجی بەکارهێنانی توانای زۆری گەنجانی عێراقی وەک سوپای ڕاستەقینەی پشتیوانی حکومەت زانی و وتیان: حکومەتی نوێی عێراق دەتوانێت بەم جۆرە پاڵپشتییە و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە داراییە باشەکان و ئاسانکارییەکان کە لەم وڵاتەدا هەن، گۆڕانکارییەکی جددی لە بوارە جیاجیاکاندا دروست بکات، بەتایبەتی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک.
بەڕێزیان بە ئاماژەدان بە قسەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بە پێی دەستوور ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەین خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران بەکاربهێنێت، وتیان: بەداخەوە ئەمە لە هەندێک ناوچەی عێراق ڕوودەدات و تاکە چارەسەر ئەوەیە حکومەتی ناوەندی عێراق دەسەڵاتی خۆی بۆ ئەو ناوچانەش درێژ بکاتەوە.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی جەختیان لەوە کردەوە: بێگومان تێڕوانینی ئێمە بۆ ئاسایشی عێراق ئەوەیە کە ئەگەر هەر لایەنێک بەنیازی تێکدانی ئاسایشی عێراق بێت، ئێمە لە بەردەمیدا دەوەستینەوە و عێراق دەپارێزین.
ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان لەوە کردەوە کە “ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانە، هەروەک چۆن ئاسایشی ئێران کاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە”، و ئاماژەیان بە دانوستانەکانی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران کرد و ووتیان: لە قۆناغەکانی پێشووشدا دانوستان و لێکتێگەیشتنی باش هەبووە بەڵام نەگەیشتنە قۆناغی کردار، بۆیە دەبێت سەبارەت بە هەموو لێکتێگەیشتنەکان بەتایبەتی لە بواری هاریکاری ئابووری و ئاڵوگۆڕی کاڵا و هێڵی شەمەندەفەر بەرەو کردار هەنگاو بنێین.
بەرێزیان بە ئاماژەدان بە هەندێک هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە لێکتێگەیشتن و هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراق، وتیان: دەبێت بە کردار ئەو هەوڵانە پووچەڵ بکەینەوە.
لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران ئەنجام درا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێز شیاع ئەلسودانی ئاماژەی بە پەیوەندییە ستراتیجی و مێژووییەکانی نێوان ئێران و عێراق کرد و وتی: نموونەیەکی ڕوون و ئاشکرای پێکەوە بوونی ئێران و عێراق، شەڕی داعش بوو، کە خوێنی ئێرانییەکان و عێراقییەکان لە سەنگەرێکدا تێکەڵ بوو.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان سەردار سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، ئەم دوو شەهیدە بەڕێزەی بە نموونەیەکی دیکەی پێکەوەبوونی دوو میللەتی ئێران و عێراق زانی.
بەڕێز ئەلسودانی بە ئاماژە بە ئیرادەی حکومەتی نوێی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری ئابووریدا وتی: ئاسایشی ئێران و عێراق لە یەکتر جیا نییە، و بە گوێرەی دەستور ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەین خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایش بەکاربهێنێت.
لێدوانەکان