حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی: شکستمان بە پیلانی ئەمریکا لە عێراق، سوریا و لوبنان هێنا
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پیلانی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی ٦ وڵاتی ناوچەکە، جەختیان کردەوە کە ئێران شکستی بەو پیلانە لە وڵاتانی عێراق، سوریا و لوبنان هێنا.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەمڕۆ شەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ ی کۆچی هەتاوی (٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢) لە ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەسیج و لە چاوپێکەوتنی ژمارەیەکی زۆر لە بەسیجییەکانی وڵات لە گەڵ بەڕێزیان، ڕایانگەیاند کە لە جوگرافیای جیهانی ئیسلام بەسیج پێگەیەکی باڵای هەیە و وتیان: بەرەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی تێڕوانینێکی تایبەتی بەرامبەر بە ڕۆژئاوای ئاسیا هەیە لە بەر ئەوەی کە ئەم ناوچە زۆر گرنگە، گرنگترین هۆکاری جوڵەی پیشەسازی ڕۆژئاواش نەوتە لە لەم ناوچەیەدا هەیە.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە تایبەتمەندییە جوگرافی و ژئۆپۆلیتییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە تایبەت ئێران وتیان: ئەمریکییەکان بیریان لەوە کردەوە کە پێش ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئێران، وڵاتانی دراوسێ کە قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئێرانن ئیفلیج و لاواز بکەن، ئەم پیلانە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن ئەمریکییەکانەوە ئاشکرا بوو و وتیان کە دەبێت ٦ وڵاتی عێراق، سوریا، لوبنان، لیبیا، سودان و سۆمالیا سەرەتا بڕووخێن و پاشان نۆرەی ئێران دەگات.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ دەستێوەردانێکی لە باکوری ئەفریقا نەبوو، بەڵام لە سێ وڵاتی عێراق، سوریا و لوبنان سیاسەتی ئێران بووە هۆکاری شکستی ئەمریکا لەم وڵاتانە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە تێکۆشان و گیانفیدایی شەهید قاسم سولێمانی وتیان: شەهید سولێمانی بۆ ئەوە لە لایەن دوژمنەوە شەهید کران کە ئاڵای سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە نەخشە و پیلانی گەورەی دوژمنی شکست پێهێنا، لە دەستانی ئەو شەهیدە گەورەیدا بوو.
بەڕێزیان وتیان: کێشەی ئێمە لە گەڵ ئەمریکا تەنیا بە یەک شێواز چارەسەر دەبێت، ئەویش باجدانە بەو وڵاتە، ئەویش نە یەک باج، بەڵکوو باجی بەردەوام، بەڵام هیچ ئێرانییەکی نیشتمانپەروەر ئامادە نییە وەها باجێک بدات، ئەمریکا دەیەوێت گەلی ئێران سەرجەم هێڵە سوورەکان تێپەڕێنێت.
جام کوردی
لێدوانەکان