لەشکەرکێشی ئۆکرانیا بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕەکان لە زاپۆریژیا
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە باکووری پارێزگای زاپۆریژیا سەرقاڵی ناردنی هێز و کەرەستەی سەربازی بۆ ناوچەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لانیکەم ٢٥ هەزار سەربازیان لە بەرەی باکووری پارێزگای زاپۆریژیا کۆکردۆتەوە و خۆیان بۆ هێرشی بەرفراوانتر بۆ سەر ئەم بەرەیە ئامادە دەکەن. هەر لەو پێوەندییەدا دوو لیوای سوپای ئۆکرانیا لە میحوەری خێرسۆن و پردی پرێۆبراژێنسکییەوە بۆ زاپۆریژیا گواستراونەتەوە. هەروەها دەوترێت شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر کەرەستەی تۆپخانەی قورس، لەگەڵ چەندین موشەک هەڵگری هیمارس (HIMARS)، بۆ وێستگەی شەمەندەفەری ڤۆڵنیانسک لە زاپۆریژیا گواستۆتەوە.
لە ئێستادا ململانێکان لە ناوچەکانی ئوریخەیف و گۆلیاپێل چڕبوونەتەوە و هێرشەکان بە گشتی بە بۆردومانی ئاسمانی لەلایەن تۆپخانەکان و فڕۆکە جەنگییەکان سنووردارە.
بێباکی هێزی ئاسمانی و مووشەکی ڕووسیا بەرامبەر بە قەبارەی زۆری جوڵەی هێز لە لایەن ئۆکراینییەکانەوە یەکێکە لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە پێشتریش لە بەرەی ڕۆژهەڵات و باکووریشدا بەدیکرا.
بەپێی پێشهاتەکانی بەرەی باشووری ئۆکرانیا، پێدەچێت ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنی سوپای ئۆکرانیا لەم بەرەیەدا، شاری مێلیتۆپۆل لە باشووری پارێزگای زاپۆریژیا بێت. کۆنتڕۆڵکردنی ئەم شارە لەلایەن ئۆکرانیاوە، جگە لە فشارخستنە سەر ڕووسیا بۆ چۆڵکردنی نیوەی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای خێرسۆن، زەمینە بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر شارەکانی دیکەی باشووری ئۆکرانیا، وەک بردیانسک، ماریوپۆل و تەنانەت نیمچە دورگەی کریمیا دەڕەخسێنێت.
بۆ سەقامگیری بەرەی باشوور، جگە لە پرسی دانوستان، سوپای ڕووسیا پێویستی بە پێشڕەوی لە کەناری ڕووباری دنیپرۆ و گرتنی شاری زاپۆریژیا و نیوەی ڕۆژئاوای پارێزگای دۆنێتسک هەیە، کە بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکانی ئەم دواییەی شەڕی ئۆکرانیا، ئەگەری زۆر کەمە.
لێدوانەکان