ئایا ئێران بۆ سەرکوتکردنی تیرۆریزم لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەشکەرکێشی بۆ ئەم ناوچەیە دەکات؟!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەگوێرەی میدیایەکی ڕۆژئاوایی، لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە ئەگەر سوپای عێراق لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیر نەبێت، یان ئەگەر بارەگای تیرۆریستان لەم ناوچەیە لانەبرن، هێزەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی فراوان بۆ نەهێشتنی تیرۆریزم لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، دوای هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر پێگەکانی گروپە دژبەرەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لیوا ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق گەیشتە بەغدا. لەم سەردانەدا، لیوا قائانی لەگەڵ هەریەکە لە عەبدوللەتیف ڕەشید، سەرۆککۆمار و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران و هەروەها هەندێک بەرپرس و کەسایەتی دیکەی عێراقی کۆبووەوە.
دوای ئەم کۆبوونەوانە، میدیای ئەمریکی “ئەسۆشێتد پرێس” بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان رایگەیاند کە “لیوا قائانی لەم سەردانەدا وێڕای هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی عێراقی، ڕایگەیاندووە، ئەگەر چەک لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان وەرنەگرێتەوە و هێزەکانی سوپای عێراق لە سنوورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیر نەکرێن، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە باکووری عێراق دەست پێدەکات!”
ئەسۆشێتد پرێس هەروەها نووسیوە، “تا ئێستا دیار نییە هۆشداری ئێران چەندە جددییە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە دەسەڵاتدارانی ئێران، دوای چەندین مانگ ململانێ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لە هەرێمی کوردستان و داوا لە عێراق بۆ چەکداماڵین لە گروپە تیرۆریستییەکانی چالاک لە باکوری ئەو وڵاتە، بە ئاشکرا هەڕەشە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکات.”
هەرچەندە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئێران و عێراق و میدیای فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام بە گریمانەکردنی ڕاستی بانگەشەی ئەم میدیا ئەمریکییە و بە لەبەرچاوگرتنی هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دژی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەم هەنگاوە ئاماژە بە ئیرادەیەکی جددی و بڕیاری نوێی دەسەڵاتدارانی ئێران لە مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەکانی ئەم ناوچەیە دەکات. ئەم بڕیاره به تایبەت دوای ئاشکرابوونی ڕۆڵ و چالاکیی ئەم گرووپه تیرۆریستیانه له ئاژاوەگێڕی و نائارامییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا جیددیتر بووە. بۆیە پێدەچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا هێزە چەکدارەکانی ئێران خولێکی نوێی هێرش بۆ سەر گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەست پێ بکەن و ئەو گرووپانە دەبێت چاوەڕێی ڕۆژە گەرمەکانی داهاتوو بکەن!
لێدوانەکان