پێشهاتەکانی ئاسیای ناوەڕاست، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

چوارشەممە 16 تشرینی دووه‌م 2022 - 16:09
https://kurdish.iswnews.com/?p=19644

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی سوپای پاکستان و بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای خەیبەرپەختونخوا زیاتر لە ٦٤ کەس کوژران و بریندار بوون.

ئەفغانستان:
١- پەنجشیر:
لە ٩ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان لە قەندەهار دوای دەمەقاڵە لەگەڵ مەولوی قودرەتووڵا، پارێزگاری بەڕەچەڵەک تاجیکی تاڵیبان لە پەنجشیر، ٥٠ چەکداری خۆجێیی تاڵیبان لەلایەن پارێزگارەوە لە پەنجشیر دەرکران.
٢- تەخار:
– لە ١٠ی ئەم مانگە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود بۆ سەر بنکەی تاڵیبان لە گوندی “چار تووت” لە شاری کەلفگان، سێ کەس لە چەکدارانی تاڵیبان لە نێویاندا “قاری سەیفەدین” فەرماندەی بنکەی تاڵیبان کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
– لە ١٢ی ئەم مانگە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود بۆ سەر بنکەی چەکدارانی تاڵیبان لە گوندی تەتختە تەڕاش لە شاری ڕەستاق، چوار چەکداری تاڵیبان کوژران و بریندار بوون.
– لە ١٢ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی نەناسراو (پێدەچێت سەر بە تاجیکستان بێت) لە ئاسمانی شاری درقەد بینران.
٣-خۆست:
لە ١١ی ئەم مانگەدا، چەکدارانی نەناسراو (پێدەچێت چەکدارانی تۆڕی حەقانی بن) “مەحسود ئینقلابی”، یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکانی بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان، لە دەروازەی سنووری غولامخان لە پارێزگای خۆست تیرۆر کرد. هەندێک لە سەرچاوە ناوخۆییەکان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بە هۆکاری تیرۆرکردنی ناوبراو باس کردووە.
مەحسود ئینقلابی سەرەتا فەرماندەی مەیدانیی هێزە چەکدارەکانی بزۆتنەوەی تاڵیبان بووە و لەم دواییانەدا وەک پاسەوانی تایبەتی نور وەلی مەحسود، سەرۆکی ئەم گرووپە هەڵبژێردرا. هەروەها ئامۆزای لەتیفوڵڵا مەحسود، جێگری یەکەمی سەرکردەی بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بووە.
٤- کابوڵ:
لە ١٢ی ئەم مانگە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزە چەکدارەکانی دەزگای هەواڵگری تاڵیبان دژی حەشارگەیەکی داعش لە شاری کابوڵ، پێنج ئەندامی داعش کوژران و چوار ئەندامی داعش کە دوو ژنیش تێدابوو، دەستگیرکران.
٥- غور:
لە ٩ی ئەم مانگە چەکدارانی تاڵیبان دەیان دانیشتووی دوو گوندی بۆم و تەنگی لە ناوچەی کرمانی سەر بە شارۆچکەی لەعل و سەرجەنگی-یان ناچار کرد ناوچەکە بەجێبهێڵن.
٦- قەندەهار:
لە ئەنجامی ململانێی نێوان چەکدارانی تاڵیبان و پاسەوانانی سنووری پاکستان لە ١٣ی ئەم مانگە لە دەروازەی سنووریی سپین بۆڵدەک-چەمەن لە شاری سپین بۆڵدەکی پارێزگای قەندەهار، دوو سەربازی پاکستان کوژران و برینداربوون.


٧- هێلمەند:
لە ١١ی ئەم مانگە بەهۆی تەقینەوەی هاوەنێکی بەجێماوە لە شەڕ لە شاری لەشکەرگاهـ، چوار خوێندکار گیانیان لەدەستدا و دوو خوێندکاری دیکەش برینداربوون.
٨- کۆنەر:
لە ١١ی ئەم مانگە چەکدارانی دەزگای هەواڵگری تاڵیبان چوار کەس، لەوانە دوو زانای ئایینی سەلەفی و دوو مامۆستای قوتابخانەیەکی ئایینی سەلەفی-یان، بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە داعش لە شاری خاسی کۆنەر گوللەباران کرد.
٩- نەنگەرهار:
لە ١٤ی ئەم مانگە هێزەکانی لیوای ٣ی فیرقەی ٢٠١ی خالید بن وەلید سەر بە تاڵیبان لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا لە شاری جەلالئاباد شەش ئەندامی داعشیان دەستگیرکرد.


١٠- لە ٩ی ئەم مانگە، ڕێکخراوی خێرخوازی “کردەوە دژی توندوتیژی چەکداری” لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستی کردەوە کە ١٣٥ منداڵی ئەفغانی بە دەستی سەربازانی بەریتانیا لە شەڕی ٢٠٠٦-٢٠١٤ کوژراون.

تاجیکستان:
١- لە ٩ی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دوشەنبێ، لە درێژەی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ تاجیکستان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان، دە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی بەخشییە هێزە سنوورییەکانی تاجیکستان.
٢- لە ١٠ی ئەم مانگە، سیراجەدین مێهرەدین وەزیری دەرەوەی تاجیکستان لە دوشەنبێ بە ئامادەبوونی لە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوشەنبێ، وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ ڕووداوە تیرۆریستییەکەی مەزارگەی شاهچێراغ، دەفتەری یادی شەهیدانی ئەم هێرشەی واژۆ کرد. .
٣- لە ٩ی ئەم مانگە، فەریق محەمەد باقری، فەرماندەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەختی بەیک بولاتۆڤ، وەزیری بەرگریی قیرغیزستان، دڵنیایی دایە ئەو وڵاتە کە تاجیکستان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەدژی قیرغیزستان بەکارناهێنێت.

پاکستان:
١- خیبەرپختونخوا: .
– لە ٩ی ئەم مانگە، لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بۆ سەر بنکەی پۆلیسی پاکستان لە گوندی ڕەگزایی لە ناوچەی دیرە ئیسماعیل خان لە وەزیرستانی باشوور، دوو سەربازی پاکستان کوژران، سێ سەرباز بریندار بوون و ١٥ سەربازی دیکەش بە دیل گیران.
– لە ١٠ی ئەم مانگە لە گوندی عیدک لە ناوچەی وەزیرستانی باکوور، لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بۆ سەر کاروانێکی سەربازی سوپای پاکستان، ١٦ سەربازی پاکستان کوژران و بریندار بوون.
– لە ١١ی ئەم مانگە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانێکی نێوان بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان و پاسەوانانی سنووری پاکستان لە گوندی شیوە لە وەرزیرستانی باکوور لە ویلایەتی خەیبەرپەختونخوا، ١٠ پاسەوانی سنووری پاکستان کوژران و بریندار بوون.
– لە ١١ی ئەم مانگەدا لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان بزۆتنەوەی تاڵیبانی پاکستان و سوپای پاکستان لە ناوچەی بەنگی دور لە وەزیرستانی باکوور، دوو سەربازی پاکستانی و ئەندامێکی بزۆتنەوەی تاڵیبان کوژران و چوار سەربازی پاکستانیش بریندار بوون.

٢- ئیسلام ئاباد:
لە ١١ی ئەم مانگە ناڕەزایەتی لایەنگرانی عیمران خان سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان لەدژی حکومەتی شەهباز شەریف لە شارە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە دەستی پێکردەوە.
٣- بەلوچستان:
– لە ١١ی ئەم مانگەدا، سەرچاوە هەواڵییەکانی سوپای ڕزگاریخوازی بەلوچستان (BLA) دوو هێرشی ئەم گرووپەیان بۆ سەر هێزەکانی سوپای پاکستان و گرووپە خۆجێیەکانی سەر بە حکومەت لە ناوچەکانی زمران و تەمپ ڕاگەیاند.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، گروپی BLA لە زمران دوو سەربازی سوپای پاکستانیان کوشتووە و سەربازێکی دیکەشیان بریندار کردووە. هەروەها گرووپی BLA لە ناوچەی تەمپ ئەندامانی کاروانی گروپێکی سەر بە حکومەتی خۆجێییان کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا سێ کەسیان کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
– سەرچاوە هەواڵییەکانی داعش هەواڵی تیرۆرکردنی یەکێک لە ئەندامانی هەواڵگری حکوومەتی پاکستانیان لە گوندی شیشە دەغار لە ناوچەی قەڵاتی ویلایەتی بەلوچستان لە ١٢ی ئەم مانگەدا بڵاوکردەوە. هەروەها گرووپی تیرۆریستی داعش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، لە ١٠ی ئەم مانگە، بە ئامانجگرتن و کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیسی پاکستانی لە ناوچەی جەمرود لە قەزای پیشاوەر ڕاگەیاند.
لە هەمان کاتدا سەرچاوە هەواڵییەکانی سوپای ڕزگاریخوازی بەلوچستان (BLA) هەروەها هەواڵی هێرشێکی ئەم گرووپەیان بۆ سەر پۆلیسێکی پاکستان لە ناوچەی قەڵات ڕاگەیاندووە. بەپێی سەرچاوەکانی BLA، ئەم پۆلیسە لەم هێرشەدا بریندار بووە.
٤- لە ١١ی ئەم مانگە هێزەکانی پۆلیس لە پارێزگای سند ١٢٢ پەنابەری ئەفغانییان لەکاتی چوونیان بۆ ئەم ویلایەتە دەستگیرکرد کە ١٣یان منداڵ و ٢٢یان ژن بوون.
٥- سەرچاوە هەواڵییەکانی نزیک لە گرووپی بزۆتنەوەی تاڵیبان پاکستان (TTP) لە ئینفوگرافیکێکدا ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی ئەم گرووپەیان لە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی تشرینی دووەم ڕاگەیاند. ئەو ئەنجامانەی لەم ئینفوگرافیکەدا ئاماژەیان پێکراوە بەم شێوەیەن: ١٦ ئۆپەراسیۆن، زیاتر لە ٢١ کوژراو و بریندار، ٨ هێرشی ڕاستەوخۆ، ١ ئۆپەراسیۆنی بۆسەدان، ٥ ئۆپەراسیۆنی دژە هێرش، ١ ئۆپەراسیۆن لە پشت هێڵە سەرەکییەکان و ١ ئۆپەراسیۆن بە هاوەن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *