حزبوڵڵای عێراق: کوژرانی هاوڵاتییە ئەمریکییەکە لە بەغدا پیلانگێڕی بوو
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وتەبێژی حزبوڵڵای عێراق داوای کرد تاوانبارانی کوژرانی هاوڵاتییە ئەمریکییەکە لە بەغدا بە زووترین کات دەسبەسەر بکرێت.
“عەلی عەسکەری” وتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە چەند پرسێکی ئەم دواییەی عێراق کاردانەوەی نیشاندا.
ناوبراو لە سەرەتای بەیاننامەکەیدا پشتیوانی خۆی لە خۆڕاگری گەلی فەلەستین بەتایبەتی لە کەرتی ڕۆژئاوا و سنوورەکانی ساڵی ١٩٤٨ دەربڕی و ڕایگەیاند کە حزبوڵڵای عێراق سوورە لەسەر دەرکردنی زایۆنیستەکان و ڕووخاندنی ڕژێمی زایۆنیستی و ئازادی تەواوەتی فەلەستین لە نەهر تا دەریا.
عەلی عەسکەری هەروەها وتی: ئێمە هەر کردەوەیەک بە ئاراستەی نزیکبوونەوە لە لایەنە زایۆنیستەکان لەژێر هەر ناونیشان و بیانوویەکدا ئیدانە دەکەین و پێویستە ئەو خەڵکەی کە باسی لێوە دەکەن وریای فێڵ و خراپەکاری زایۆنیستەکان بن و بە پێچەوانەی ڕژێمی سعوودیە و هەندێک ڕژێم کە لەدژی ئیرادە و خواستی ئومەتی ئیسلامی کار دەکەن، پێویستە خۆیان لە هەر جۆرە پەیوەندی و هاوسۆزییەک لەگەڵ زایۆنیستەکان بەدوور بگرن.
وتەبێژی حزبوڵڵای عێراق هەروەها ئاماژەی بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی بۆ سەر پێگەکانی خۆڕاگری لەسەر سنووری سووریا و عێراق کرد و وتی: “ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو لە ناوچەی ئەلبوکەمال ڕوویدا هیچ کام لەو گروپە عێراقییانەی نەکردە ئامانج کە لەسەر سنوورەکە جێگیر بوون. بەڵام دوژمنان ئاگادار دەکەینەوە کە یاری بە ئاگر نەکەن و سەبرمان تاقی نەکەنەوە”.
ناوبراو هەروەها لەبارەی کوژرانی هاووڵاتییە ئەمریکییە لە بەغدا وتی ئەم ڕووداوە دوو ئەگەری هەیە:
یەکەم: هەوڵێکە بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی و پیشاندانی لاوازیی حکومەتی محەممەد شیاع سودانی تا کەلێن و ناکۆکی بخەنە نێوان هێزەکانی لایەنگری حکومەت.
دووەم: ئەوەی ئەم کارەی کردووە کەسێکی بێ ویژدان و بەکرێگیراو بووە و پێویستە حکومەت بە زووترین کات تاوانبارەکان دەستبەسەر بکات.
لێدوانەکان