زانیاری نوێی بڵاو کرایەوە؛ ٢٦ تیرۆریستی بیانی لە ئێران دەستبەسەر کران

سێشەممە 8 تشرینی دووه‌م 2022 - 09:42
https://kurdish.iswnews.com/?p=19335

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وەزارەتی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران وردەکاری دیکەی لە کردەوە تیرۆریستییەکەی مەزارگەی شاهچێراغ لە شیراز بڵاو کردەوە.

وەزارەتی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەکدا زانیاری نوێی سەبارەت هێرشە تیرۆریستیەکەی مەزارگەی شاهچێراغ لە شیراز بڵاوکردەوە کە بە هۆیەوە زیاتر لە ٣٠ کەسی سڤیل بوونە قوربانی.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی هەواڵگری ئێران هاتووە کە تا ئێستا ٢٦ تیرۆریستی تەکفیری کە پەیوەندییان بە هێرشە تیرۆریستیەکەی شاهچێراغ هەبووە دەستبەسەر کراون کە هەموویان بیانی و خەڵکی وڵاتانی کۆماری ئازەربایجان، تاجیکستان و ئەفغانستانن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی هەواڵگری ئێران کەسی سەرەکی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ناوخۆی ئێران، هاوڵاتییەکی کۆماری ئازەربایجان بووە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەیدەر عەلیێڤ لە باکۆوە خۆی گەیاندۆتە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینیەوە لە ناوخۆی ئێران و پاش گەیشتنی بە تاران کەسی پەیوەندیداری لە ئازەربایجان ئاگادار کردووەتەوە. ناوبراو دەستبەجێ لە ڕێگای سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ئەفغانستان لە گەڵ تۆڕی بیانییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە پەیوەندی کردووە و بوونی خۆیی لە تاران ڕاگەیاندووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پاڵپشتیکاری ئۆپەراسیۆنى شیراز کەسێکى ئەفغانی بەناوى “محەمەد ڕامز ڕەشیدی” بە نازناوی “ئەبو بەسیر” و تەقەکەرەکەى ناو مەزارگەکەش هاوڵاتییەکی تاجیکستانی بە ناوی “سوبحان کۆمرۆنی” بە نازناوی “ئەبو عائیشە” بوون.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە تیرۆریستانی ئاماژەپێکراو لە پارێزگاکانی فارس، تاران، ئەلبورز، کرمان، قوم، خوراسان ڕەزەوی و هەندێکیان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و لە کاتی هەڵاتنیان لە وڵات دەستبەسەر کراون. بەشێک لەو تیرۆریستانە خەریکی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی دیکە، لەوانە لە زاهیدان بوون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *