داواکاری تورکیا لە فینلاند و سوید پێش ئەوەی ببنە ئەندامی ناتۆ

شەممە 5 تشرینی دووه‌م 2022 - 11:45
https://kurdish.iswnews.com/?p=19242

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەرۆکی تورکیا بە سکرتێری گشتی ناتۆی ڕاگەیاند، پێویستە فینلاند و سوید پێش ئەوەی بچنە ناو هاوپەیمانی ناتۆ هەندێک هەنگاو بگرنە بەر.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆی ڕاگەیاند، ئەنقەرە ڕەزامەندی لەسەر ئەندامێتی فینلاند و سوید لە ناتۆدا نادات تا ئەو دوو وڵاتە هەنگاوی پێویست نەگرنەبەر.

ئەنقەرە ئەم دوو وڵاتەی بە داڵدەدانی ئەو چەکدارانە تۆمەتبار کردووە کە تورکیا بە “تیرۆریست”ی دەزانێت و سەرەڕای ڕێککەوتنێک کە چوار مانگ لەمەوبەر ئەنجامدراوە، لە ئەندامێتی فینلاند و سوید لە ناتۆ ڕێگری دەکات.

نوسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “سەرۆک ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هەنگاوانەی سوید و فینلاند دەیگرنەبەر، دیاری دەکات کە پرۆسەی پەسەندکردنەکە تا چەند خێرا و کەی تەواو دەبێت”.

ئەردۆغان و ستۆڵتنبێرگ کۆبوونەوەیەکی نهێنییان لە ئەستەنبوڵ ئەنجامدا کە رێگە بە بەشداری میدیاکان نەدرا.

فینلاند و سوید دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، واز لە سیاسەتی بەشدارینەکردن لە هاوپەیمانییە سەربازییەکانیان هێنا و لە مانگی ئایاردا هەوڵەکانیان بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانی ناتۆ دەستپێکرد. تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگری لە ئەندام بوونی ئەو دوو وڵاتە لەم هاوپەیمانییەوە دەکات.

تورکیا، فینلاند و سوید لە مانگی تەمموزدا گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە بڕگەی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕادەستکردنەوەی تاوانبارانی لەخۆوە دەگرێت. بڕیارە ڕۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیرانی نوێی سوید سەردانی ئەستەنبوڵ بکات و چاوی بە ئەردۆغان بکەوێت. ناوبراو هیوادارە ئەم سەردانە بتوانێت ڕەزامەندی تورکیا لە بارەی ئەندامێتی وڵاتەکەی لە ناتۆ بهێنێتە ئاراوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *