هەفتەی گەرمی سنوورەکانی باشووری قەفقاز لەگەڵ ئێران

شەممە 29 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 00:15
https://kurdish.iswnews.com/?p=18939

لە نمایشی توانایی بەلەمی خێرای سوپای پاسداران لە سنوورە دەریاییەکانی ئێران و کۆماری ئازەربایجان تا دەگاتە کڕینی مووشەکی زیرەکی پاکستانی لەلایەن حکوومەتی باکۆوە!

گرژی و ئاڵۆزی لەسەر سنوورەکانی ئێران و ئازەربایجان
هێزە چەکدارەکانی ئێران کە لە سنوورەکانی کۆماری ئازەربایجان جێگیر بوون لە ئامادەباشیدان. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکانی ناوخۆی ئێران، ژمارەیەک بەلەمی خێرای هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەوروبەری شاری ئاستارا لە پارێزگای گیلان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ئەم مانگە بەرەو سنوورە دەریاییەکانی ئێران و ئازەربایجان ڕۆیشتوون. داوا لە ماسیگرەکان کراوە لەم ناوچەیەدا خۆیان بەدوور بگرن.

هەروەها یەکەکانی پاسەوانی سنوور لە سنوورەکانی ڕووباری ئەرەس لە ئامادەباشیدان. شایانی باسه‌ له‌ کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ له‌ سنووری ئەرەس له‌ لایه‌ن پاسه‌وانانی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بارێکی چه‌ک و ته‌قینه‌وه‌دا گیرا.

جێگیرکردنی مووشەکی پاکستانی لە کۆماری ئازەربایجان
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستکەوتوون، سوپای ئازەربایجان مووشەکی بالستیکی زیرەکی لە پاکستانەوە پێگەیشتووە. ئەم سەرچاوانە سەبارەت بە سەرچاوەی دابینکردنی ئەو چەکانە زیادیان کرد: “ئەم مووشەکانە بە فڕۆکەی بارهەڵگر گواستراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە نزیک باکو. تا ئێستا شێوازی گەیاندن و ژمارە و بڕی گرێبەستی ئەم مووشەکانە دیاری نەکراوە.”

دووبارە دەرکەوتنەوەی تەکفیرییەکان لە باکووری ئەرەس و قەرەباغ
سەرچاوە ئاگادارەکان باس لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی غەیرە ئازەربایجانی بە جلوبەرگی سەربازیی ئەم وڵاتە لە باشووری ناوچەی قەرەباغ دەکەن. هەندێک لە دەنگۆیانە باس لەوە دەکەن کە ئەم بەکرێگیراوانە تەکفیری سەلەفی و هاوڵاتی پاکستانن.

هێرشی میدیاکانی ئازەربایجان بۆ سەر ئێران
میدیاکانی کۆماری ئازەربایجان بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە لە دژی ئێران و هەڵوێستی شەڕانگێزانە و سەیر بەرامبەر بەم وڵاتە. بەڵام هێشتا دەسەڵاتی فەرمی ئەم وڵاتە لەم بارەیەوە هەڵوێستێکی دیاریکراویان نەبووە. جگە لە ھەواڵ و پڕوپاگەندەی دژە ئێران لەم وڵاتەدا، بەرنامەی ئێوارەی یەکشەممەی کەناڵی ئاز تیڤی، تیشکی خستە سەر هەندێک هەڵوێست و دیدگا لەسەر ئێران.

کاردانەوە بە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی تاران سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی ئەرمینیا و ڕەتکردنەوەی دەستدرێژی لایەنی ئازەری بۆ سەر خاکی وڵاتانی دراوسێ، دژایەتیکردنی رێڕەوی زەنگەزور لە خاکی ئەرمینیا، مانۆڕی سەربازیی سوپای پاسداران لە باشووری ئەرەس، ئیدیعای پشتگیریی زۆری ٣٠ ملیۆن هاوڵاتی ئازەری ئێران لە حکومەتی کۆماری ئازەربایجان!، دوبارە پەخشکردنەوەی شیعری جوداخوازی ئەرەسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و زۆر بەکارهێنانی وشەی ئازەربایجانی باشوور، ئیدیعای هاوبەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە داگیرکردن و وێرانکردنی قەرەباغ لەلایەن ئەرمینیاوە، ڕووداوەکانی مانگی ڕابردوو لە ئێران، سنووردار کردن و بڕینی دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فلتەرکردنی ئینتەرنێت ئەو بابەتانە بوون کە لەم بەرنامەیەدا خراونەتە ڕوو.

پردی خودائافەرین لە سەر هێڵی قەیرانەکان
پردی خودائافەرین بەسەر ڕووباری ئەرەس تا ئێستاش یەکێکە لە بابەتە گەرمەکان و ئامرازێکی پڕوپاگەندەی کۆماری ئازەربایجان دژی ئێران. میدیاکانی ئەم وڵاتە بە ئامادەبوونی گروپە هونەرییە جۆراوجۆرەکان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان و سیاسییەکانی سەر بە حکوومەت، ئەوەی کردوویانە بە هێمایەکی دژە ئێران. ئەم پردە بۆ دواجار لە کاتی شەڕی یەکەمی قەرەباغ لە ساڵی ١٩٩٤ و کشانەوەی خەڵک و سەربازانی ئازەربایجان لە زەنگیلان بۆ ناوەوەی ئێران بەکارهاتووە. پردە دووانەیەکانی خودائافەرین دەکەونە خوارەوەی بەنداوی ئەرەس کە لە سەردەمی سەفەوی و قاجاردا دروستکراون و تا ئێستا پردی قاجار وەک خۆی ماوەتەوە.

هێرشی میدیایی بۆ سەر فەرەنسا و ئەمریکا
میدیاکانی ئازەربایجان پشتیوانیی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا و ئەمریکایان بۆ ئەرمینیا شەرمەزار کردووە و ئەوەیان بە نادادپەروەری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەزانن.

فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەرمینیا
هەینیی رابردوو (٢١ی تشرینی یەکەم) بە ئامادەبوونی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و ئارارات میرزۆیان وەزیری دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە، کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کاپانی ئەرمینیا کرایەوە. دوای ئەم دەستبەکاربوونە، وەزیری دەرەوەی ئێران چووە یەریڤان و ڕێگاکانی فراوانکردنی هاوکارییەکانی دوو قۆڵیان تاوتوێ کرد.
بوونی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە مزگەوتی کەبودی یەریڤان و ناوەندی فەرهەنگی ئێران لەم شوێنە کاردانەوەی توندی دەسەڵاتدارانی ئازەربایجانی لێکەوتەوە. ئەوان پێیان وایە ئەم مزگەوتە هی ئازەرییەکانی ئەرمینیا (یرئاز)ە و نابێت لەلایەن باڵیۆزخانەی ئێرانەوە بەڕێوەببرێت. لەم دواییەدا دوو ئەندامی پەرلەمانی ئازەربایجان لە سەفەرەکەیان بۆ یەریڤان سەردانی ئەم مزگەوتەیان کردەوە تا پەیامێک بێ بە لایەنی ئێرانی و ئەرمەنی.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *