هێرشی بەرفراوانی هێزەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر نابلوس + ڤیدیۆ و وێنە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای هێرشی هێزەکانی رژێمی زایۆنیستی بۆ سەر شاری نابلوس لە کەرتی ڕۆژئاوا، پێنج فەلەستینی شەهید بوون و لانیکەم ٢٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە سەربازانی رژێمی زایۆنیستی هێرشیان کردە سەر شاری نابلوس و لە ئەنجامدا شەڕێکی چەکداری توند لەم شارەدا ڕوویدا. لەم شەڕەدا هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەو ڕژێمە ماڵی یەکێک لە فەرماندەکانی گرووپی خۆڕاگری “عرین الاسود”یان گەمارۆ دا و بە ڕۆکێت کردنە ئامانج. هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رژێمی زایۆنیستی ئۆتۆمبێلێکیان لە گەڕەکی ڕەس ئەلعەین لە شاری نابلوس کردۆتە ئامانج، کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی ئەم هێرشە بڵاو نەکراوەتەوە.
میدیاکانی عیبری بە ئاماژەدان بەم ململانێیە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە “ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمشەوی سوپای ئیسرائیل لە نابلوس بە ئامانجی پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی گەورە ئەنجامدراوە کە لەلایەن گروپی “عرین الاسود” پلانی بۆ دانراو بوو”.
بەپێی ڕاپۆرتی مانگی سووری فەلەستین، لە ئەنجامی هێرشی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر نابلوس، پێنج فەلەستینی شەهید بوون و ٢٢ کەسی دیکەش بریندار بوون کە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینی تێدایە.
دەگوترێ لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمڕۆی شاری نابلوس، وەدیع ئەلحوح، یەکێک لە فەرماندە و دامەزرێنەرانی گرووپی خۆڕاگری “عرین الاسود”، لە لایەن سوپای رژێمی زایۆنیستیەوە شەهید کراوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جگە لە نابلوس، سەربازانی ڕژێمی زایۆنیستی هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی ڕمانە لە ڕۆژئاوای جنین و لەگەڵ هێزەکانی خۆڕاگریدا پێکدادانیان کرد. لە ئەنجامی ئەم پێکدادانەدا، یەکێک لە هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین لە لایەن هێزەکانی رژێمی زایۆنیستیەوە بریندار و دەستبەسەر کرا.
لێدوانەکان