بەشداری سعوودیە و عومان لە مانۆڕی ئاسمانی هاوبەش لە ئیمارات
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ مانۆڕی ئاسمانی هاوبەش لە ئیمارات کە لە کۆتایی هەفتەدا دەست پێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، بە بەشداری هێزەکانی سعوودیە، ئیمارات، ئەمریکا، بەریتانیا، یۆنان، عومان، فەرەنسا، ئەڵمانیا و هیندستان و ئوسترالیا ئەنجام دەدرێت.
عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی بەشداری لە مانۆڕێکی سەربازی لە ئیمارات دەکات.
بە گوێرەی هەواڵێکی خەلیج ئۆنلاین، ئەم مانۆڕە بە ئامادەبوونی هێزە چەکدارەکانی ١٠ وڵات لەوانە عومان بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی بەرگری سعوودیە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزی ئاسمانی سعوودیە بەشداری لە مانۆڕی “ناوەندی بەرگری جەنگی ئاسمانی و مووشەکی ٢٠٢٢” دەکات، کە لە بنکەی ئاسمانی ئەلزەفرە لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
ئەم مانۆڕە بە ئامانجی پراکتیزەکردنی ئۆپەراسیۆنی جەنگی ئاسمانی لە هاوپەیمانی هێزە نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی چەمکی هاوکاری هاوبەش لە ناوچەی هاوشێوەی شەڕی ڕاستەقینەدا بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
ئامانجێکی دیکەی ئەم مانۆڕە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی ئەزموونی سەربازی لە بواری پلاندانان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ وڵاتانی ئامادەبوو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و توانایی شەڕکردنی کارمەندانی ئاسمانی و تەکنیکی جگە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
لەم مانۆڕەدا سعوودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئەمریکا، بەریتانیا، یۆنان، عومان، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان و ئوسترالیا بەشدارن.
لێدوانەکان