پێشهاتەکانی ئاسیای ناوەڕاست، ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢

یەکشەممە 23 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 19:36
https://kurdish.iswnews.com/?p=18756

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای زیادبوونی جموجۆڵی گروپەکانی دژبەری تاڵیبان لە پارێزگای بەدەخشان و پەیوەست بوونی فەرماندە مەیدانییەکانی تاجیکی تاڵیبان بۆ ڕیزەکانی ئەو گرووپانە، ناکۆکی نێوان چەکدارانی تاڵیبان و هێزەکانی ئەحمەد مەسعود لە شارەکانی ئەرغەنجخا، شەغنان، ڕاغیستان، ئەرگۆ و ملیمی ڕووی لە زیادبوون کردووە.

ئەفغانستان:
١- پەنجشیر:
لە ١٧ی تشرینی یەکەم، چەکدارانی تاڵیبان و هێزەکانی ئەحمەد مەسعود لە گوندی تەلخە لە شارۆچکەی دەرێ رووبەرووی یەکتر بوونەوە.

٢- بەدەخشان:
– لە ١٥ی تشرینی یەکەم، یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکانی تاڵیبان بە ناوی شوجائەدین لەگەڵ ٢٠ چەکداری ژێر فەرماندەیی خۆی، لە تاڵیبان جیابووەوە و پەیوەندیان بە هێزەکانی ئەحمەد مەسعوودەوە لە ڕاغستان کرد.
– لە ١٨ی تشرینی یەکەم، چەكدارانی تاڵیبان و هێزەكانی ئەحمەد مەسعود لە شاری ئەرغەنجخا رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
– لە ١٨ی تشرینی یەکەم، لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان هێزەکانی تاڵیبان و ئەحمەد مەسعوود لە ناوچەی شیوە لە شارۆچکەی شەغنانی پارێزگای بەدەخشان، هەشت کەس لە هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود لەوانە سەید بەحرەدین یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو هێزانە کوژران و سێ کەسی دیکەش دەستبەسەر کران. میدیاکانی ئەحمەد مەسعود هەروەها ڕایانگەیاند کە ١٣ کەس لە ڕیزەکانی تاڵیبان کوژراون.
– لە ١٩ی تشرینی یەکەم، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەسەر رێگای ئۆتۆمۆبیلی چەکدارانی تاڵیبان لە ریزانی شارۆچکەی ئەرگو لە پارێزگای بەدەخشان، چەند ئەندامێکی تاڵیبان کوژران و بریندار بوون.
– لە ٢١ی تشرینی یەکەم، لە شەڕی نێوان چەكدارانی تاڵیبان و هێزەكانی ئەحمەد مەسعود لە گوندی تێنگ شیو لە شارۆچکەی مایمی (دەروازەی خواروو)، دە ئەندامی هێزەكانی ئەحمەد مەسعود، لەنێویاندا عەبدولحەمید موجاهید، فەرماندەی مەیدانی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود، و پێنج چەکداری تاڵیبان کوژران. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە عەبدولحەمید موجاهید فەرماندەی لیوای یەکی فەتحی تاڵیبان بوو، کە لەم گرووپە جیابووبووەوە و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا پەیوەندی بە هێزەکانی ئەحمەد مەسعوودەوە کردبوو.

٣- تەخار:
– لە ١٣ی تشرینی یەکەم، “مولوی ڕەقیبوڵڵا موخلیس”، قایمقامی تاڵیبان لە شارۆچکەی خاجە بەهائەدین، لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری ژێر فەرماندەیی خۆی، لە تاڵیبان جیابوونەوە و پەیوەندیان بە هێزەکانی ئەحمەد مەسعوودەوە کرد.
– لە ١٣ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئەحمەد مەسعود لە گوندی تەکێ تویمس لەسەر ڕێگای خێرای تەخار- بەدەخشان هێرشیان کردە سەر بنکەی چەکدارانی تاڵیبان.

٤- قۆندوز:
– لە ١٦ی تشرینی یەکەم، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی هەواڵگری تاڵیبان لە دژی حەشارگەیەکی داعش لە شاری قۆندوز، پێنج ئەندامی داعش کوژران.
– لە ٢٠ی تشرینی یەکەم، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی هەواڵگری تاڵیبان بۆ سەر حەشارگەیەکی داعش لە گوندی وەرتێ زولم لە شارۆچکەی دەشت قەلعە، سێ ئەندامی داعش لەوانە بەرپرسی دامەزراندن و راگەیاندنی داعش لە قۆندوز کوژران.

٥- کابوڵ:
– لە ١٦ی تشرینی یەکەم، تاڵیبان دەستگیرکردنی “قاری بیلال” بەرپرسی دامەزراندن و “محەمەد جەواد” ناسراو بە “ئەبو عومەر خالید” بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆری داعش لە شاری کابوڵ ڕاگەیاند.
– لە ٢٠ی تشرینی یەکەم، لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی هەواڵگری تاڵیبان بۆ سەر گردبوونەوەیەکی ئەندامانی داعش لە گەڕەکی بینی حیسار لە شاری کابوڵ، ٦ کەس لە ئەندامانی داعش کوژران و سێ ئەندامی دیکەی ئەم گرووپە لەوانە ژنێک، دەستگیرکران.

٦- نیمرۆز:
لە ١٧ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و چەکدارانی تاڵیبان لە پردی ئاوریشم لە شارۆچکەی سنووری کۆنگ، رووبەرووی یەکتر بوونەوە. ئەم ململانێیە زیانی گیانی و ماددی لێنەکەوتەوە.

٧- قەندەهار:
لە ١٩ی تشرینی یەکەم، لە ئەنجامی پێکدادانی سنووری نێوان چەکدارانی تاڵیبان و سەربازانی پاکستان لە دەروازەی سنووری سپین بۆڵدەک-چەمەن، هاووڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوو.

تاجیکستان:
١- لە ١٢ی تشرینی یه‌كه‌م، فه‌رمانگه‌ی دۆزینه‌وه‌ و خۆپاراستن له‌ بازرگانیكردن به‌ ماده‌ی ئه‌تۆمی له‌ وه‌زاره‌تی وزه‌ی ئه‌مریكا بارێكی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی له‌وانه‌ ئامێری بینین لە شه‌و، وێستگەی رادیۆ، ئامێری وێنه‌گرتنی حەراری و هتد راده‌ستی لیژنه‌ی ئاسایشی نیشتمانی حکومەتی تاجیکستان کرد.
٢- لە ١٣ی تشرینی یه‌كه‌م، نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قرقیزستان گه‌یشتنه‌ شاری دوشه‌نبێ بۆ كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تاجیكستان سه‌باره‌ت به‌ ڕێکارەکانی پێشگیریکردن له‌ ناكۆكییه‌ سنوورییه‌كان.

پاکستان:
١- لە ١٤ی تشرینی یەکەم، لە گردبوونەوەی هۆزەکانی بەنگلزی لە شاری مەستونگ لە ئەیالەتی بەلوچستان بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە سێ کەسی مەدەنی گیانیان لە دەست دا و ٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.
٢- لە ١٦ی تشرینی یەکەم، چه‌كدارانی نه‌ناسراو (پێده‌چێت چه‌كدارانی جوڵانەوەی تاڵیبانی پاكستان بن) له‌ یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌كانی شاری خاران، دادوه‌ر نور محه‌ممه‌د مه‌سكه‌نزای، سه‌رۆكی پێشووی دادوه‌ری ئەیالەتی به‌لوچستانیان تیرۆر كرد.
٣- لە ١٧ی تشرینی یەکەم، لە ئەنجامی تەقەی سەربازانی پاکستانی لە گردبوونەوەی خۆپیشاندەرانی دژ بە سیاسەتەکانی حکوومەت لە ناوچەی ئەنگور ئادە لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا، ٦ کەسی مەدەنی بریندار بوون.
٤- لە ١٨ی تشرینی یەكەمدا، لە ئەنجامی هێرشێكی چەكدارانی جوڵانەوەی تاڵیبانی پاكستان (TTP) بۆ سەر سەربازانی سوپای پاكستان لە شارۆچکەی بەنو، لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا، چەند سەربازێکی پاكستانی کوژران و بریندار بوون.
٥- لە ١٩ی تشرینی یەکەم، لە ئەنجامی هێرشی سوپای پاکستان بۆ سەر حەشارگەی داعش لە شاری مەستونگ لە ئەیالەتی بەلوچستان ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش کوژران و دەستبەسەر کران.
٦- لە ٢١ی تشرینی یه‌كه‌م، كۆمسیۆنی نیشتمانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پاكستان، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی فرۆشتنی نایاسایی دیارییەکانی حكومه‌ت، مافی عیمران خان، سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی پاكستان، بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ماوه‌ی ٥ ساڵ ره‌تكرده‌وه‌. حیزبی تەحریکی ئینساف بڕیاری ئەم كۆمیسیۆنەی رەتكردەوە و سكاڵای لە دادگای باڵای وڵاتەكەی تۆمار کرد.
٧- لە ٢٢ی تشرینی یەكەمدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەزامەندی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكای بۆ فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی ئێف ١٦ بە پاكستان راگەیاند.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *