ترسی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە جێگیربوونی تیرۆریستان لە باکووری ئەفغانستان

پێنجشەممە 20 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 23:54
https://kurdish.iswnews.com/?p=18687

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەرپرسانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە میانەی کۆبوونەوەی “هاوکاریی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، ئاسایش و بەڕێوەبردنی سنوور بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” نیگەرانییان لە جێگیربوونی گرووپە تیرۆریستییەکان لە باکووری ئەفغانستان و هەڕەشەکانیان دەربڕی.

کۆبوونەوەی “هاوکاری نێودەوڵەتی و ناوچەیی، ئاسایش و بەڕێوەبردنی سنوورەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” بە هاوکاری وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا (OSCE)، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم (UNOCT)، ناوەندی ناوچەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیپلۆماسی پێشگیرانە لە ئاسیای ناوەڕاست (UNRCCA)، یەکێتی ئەوروپا، سعوودیە و قەتەر بۆ ماوەی دوو رۆژ لە دوشەنبێی پایتەختی تاجیکستان بەڕێوەچوو.

لە وتارەکەیدا لە یەکەم ڕۆژی ئەم دیدارەدا، ئیمامعەلی ڕەحمان، سەرۆکی تاجیکستان نیگەرانی خۆی لە جێگیربوونی تیرۆریستانی بیانی لە سنوورەکانی باشووری تاجیکستان دەربڕی و داوای دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی کرد بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی مەترسییەکانی تیرۆریزم لە ئەفغانستانەوە بۆ ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست. ڕەحمان لەم کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند کە بە پێی زانیارییەکانی حکوومەتی تاجیکستان زیاتر لە ٤٠ بنکە و ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی تیرۆریستان لە پارێزگاکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان هەن و بە هەزاران تیرۆریست لەو بنکانەدا جێگیرن.

ڕەسلان میرزایێڤ، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی پێکهاتەی ناوچەیی دژە تیرۆریزمی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای، زانیاری زیاتری لەم بوارەدا پێشکەش کرد و جێگیرکردنی ١٣ هەزار و ٥٠٠ تیرۆریستی خۆکوژ و جیهادی لە پارێزگاکانی باکووری ئەفغانستان و سنووری تاجیکستان لەلایەن تاڵیبانەوە ڕاگەیاند و ئەوەی بە مەترسییەکی گەورە بۆ ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست ناو برد. ڕەمەزان ڕەحیم زادە وەزیری ناوخۆی تاجیکستان هەروەها رایگەیاند کە تاڵیبان پاسپۆرتی ئەفغانی بۆ زیاتر لە سێ هەزار کەس لەو کەسانە دەرکردووە و لەژێر ناونیشانی پەنابەر لە ناوچەکانی باکوور نیشتەجێی کردووە.

دوای هاتنە سەرکاری تاڵیبان لە ئەفغانستان، تاجیکستان تاکە وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەم گروپەدا دروست نەکردووە. جگە لەوەش تاجیکستان پشتیوانی لە نەیارانی سیاسی و گروپە چەکدارەکانی دژبەری تاڵیبان کردووە و کۆبوونەوەی جۆراوجۆری لە دژی ئەوان ئەنجامداوە. لە لایەکی دیکەوە تاڵیبان هاوپەیمانە بیانییەکانی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتە جێگیر کردووە و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە تاجیکستان کردووە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *