گرنگترین هەواڵەکانی ٢٣٤مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
– بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ڕووسیا بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهێد ١٣٦ هێرشی کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە شارەکانی دنیپرۆپترۆڤسک و زاپۆریژیا. بەپێی وێنە و گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکانی ئەم هێرشانە، هەر سێ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانیان پێکاوە.
– سوپای ڕووسیا بە کەڵک وەرگرتن لە درۆنی سیخوڕی، بە ژمارەیەک درۆنی زالا لانسێت دوو سیستەمی بەرگری ئاسمانی بوک M1 و ئۆسا سەر بە سوپای ئۆکرانیا کردە ئامانج.
سەرچاوە ئۆکراینییەکان رایانگەیاندووە کە ئەو سیستەمە ئاماژەپێکراوە (بوک M1) دروستکراو بووە و بۆ فریودانی هێزەکانی ڕووسیا دانراوە. هەروەها ئەم میدیایانە باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زۆربەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سیخوڕیی سوپای ڕووسیا وەک ئۆرلان ١٠ و .. خراونەتە خوارەوە و ئەرکە سیخوڕییەکانی ئێستای ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بە تایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی یەسیر ئەنجام دەدرێن.
– لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی داروپەردووی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی شاهێد ١٣٦ی سەر بە سوپای ڕووسیا لە کەناراوەکانی باشووری ئۆکرانیا بڵاو کرایەوە.
بەهۆی ئەوەی زۆربەی بەشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە وەک خۆی ماوەتەوە، دەتوانرێت بوترێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیەوە کەوتووەتە خوارەوە و سیستەمی بەرگری سوپای ئۆکرانیا لە تێکشکاندنی ڕۆڵی نەبووە.
پێشتریش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی موهاجێر ٦ لە کەناراوەکانی دەریای ڕەش کەوتە خوارەوە و لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا دەستی بەسەردا گیرا. ئۆکراینییەکان پێیان وایە سوپای ڕووسیا ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ڕاستەوخۆ لە ئێران کڕیوە و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەش فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بە ڕووسیا ڕەت دەکەنەوە.
– لە ئەنجامی هێرشی موشەکی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر گوندی ڕازومنۆیای سەر بە پارێزگای بێلگۆرۆد لە ڕۆژئاوای ڕووسیا، کۆگایەکی سووتەمەنی گڕی گرت. هەندێک سەرچاوەی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە ئەم هێرشانە بە مووشەکی “توچکا یو” ئەنجام دراون و سیستەمەکانی بەرگریی ڕووسیا توانیویانە بەرپەرچی ژمارەیەک لەو مووشەکانە بدەنەوە.
– بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، بەهۆی هێرشی دوو دزەکاری ئۆکراینی بۆ ناو کەمپی مەشقی سوپای ڕووسیا لە شاری بێلگۆرۆد، ١١ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ کەسیش برینداربوون.
لێدوانەکان