میگ-٢٩ی سوپای ئۆکرانیا لەکاتی ڕاوکردنی درۆنێکی شاهێد١٣٦ کەوتە خوارەوە!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ فڕۆکەیەکی جەنگی میگ-٢٩ی ئۆکراینی لە کاتی رێگرتن و ڕاوکردنی درۆنێکی خۆکوژی شاهێد١٣٦ لە ناوچەی ڤینیتسیا کەوتە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ئەم فڕۆکە جەنگییە لە کاتی ئەرکەکەیدا تووشی کێشەیەکی تەکنیکی بووە و فڕۆکەوانەکە پێش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ئێجێکتی کردووە. بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا باس لەوە دەکەن کە ئەم فڕۆکە جەنگییە ٥ درۆنی شاهێد١٣٦ی تێکشکاندووە.
کەوتنەخوارەوەی ئەم فڕۆکە جەنگییە بۆ ڕاوکردنی درۆنێکی خۆکوژی کەم نرخ کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە. دوای هاتنی درۆنەکانی شاهێد١٣٦ی هەرزان بەڵام بەهێز و زۆر کاریگەر بۆ ناو شەڕی ئۆکرانیا، هاوسەنگی شەڕەکە لە بەرژەوەندی ڕووسیا گۆڕاوە و ژێرخان و ئامێرەکانی ئۆکرانیا بە وردبینییەکی زۆرەوە لەناو دەبرێن.
لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای بوونی سیستەمی بەرگریی کورت مەودا و مامناوەند و پاڵپشتی هەواڵگری قورس لە ئۆکرانیا، سوپای ئۆکرانیا تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی کاریگەر هێرشەکانی درۆنەکانی شاهێد١٣٦ بەرپەرچ بداتەوە. بۆیە سوپای ئۆکرانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە ڕووی لە بەکارهێنانی فڕۆکە جەنگییە گرانبەهاکان هێناوە. لە ئێستادا، رێگریکردنی ڕاستەوخۆ و بینراو لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە تاکە رێگەی کەم کاریگەر بەڵام بەردەستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هێرشانە؛ چارەسەرێک کە تێچوو و مەترسی زۆری بۆ سوپای ئۆکرانیا هەیە!
لە هەوڵێکی دیکەی شکستخواردوودا، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا درۆنێکی شاهێد١٣٦یان کردە ئامانج؛ بەڵام لە تێکشکاندنی درۆنەکە سەرکەوتوو نابێت و مووشەکی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەرەو خۆیان دەگەڕێتەوە و زیان بە ناوچە نیشتەجێبوونەکانی ئۆدێسا دەگەیەنێت.
سەرلەبەیانی ڕۆژی رابردوو هەروەها درۆنەکانی شاهێد ١٣٦ بە ووردییەوە ژێرخانەکانی ئۆکرانیایان لە ناوچەی ماکارۆڤسکی لە نزیک کیێڤ کردە ئامانج. لەم هێرشەشدا سوپای ئۆکرانیا لە لەناوبردنی درۆنەکان شکست دەهێنێت.
لێدوانەکان