گرنگترین هەواڵەکانی ٢٢٨مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
وێنەی مانگی دەستکردی ماکسار لە پردی کریمیا دوای تەقینەوەکە.
بەگوێرەی میدیاکانی رووسیا، تەقینەوەی پردی کریمیا سێ کوژراوی لێکەوتووەتەوە. هاتوچۆی شەمەندەفەر لەسەر ئەم پردە دەستیپێکردووەتەوە و سەرجەم شەمەندەفەرەکان بەپێی خشتە ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنن. بەڵام هێشتا ڕێگا خێرای لەم پردەدا گیراوە و پێشبینی دەکرێت چاککردنەوەی کاتێکی زۆری بوێت. هەروەها ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا فەرمانێکی واژۆکرد بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئۆکرانیا و بەهێزکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان لە دەروازەی گواستنەوەی گەرووی کێرچ و پردی کارەبایی و هێڵی سەرەکی غاز.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ڕووسیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی شاهێد ١٣٦ یان ١٣١ (مۆدێلێکی بچووکی شاهێد ١٣٦) هێرشی کردە سەر خاڵی پشکنینی لیوای ٥٥ی تۆپخانەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە شاری زاپۆریژیا.
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە قورسەکەی شەوی ڕابردووی سوپای ڕووسیا بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە شاری زاپۆریژیا ١٢ کەس کوژران و زیاتر لە ٥٠ کەسیش برینداربوون.
بەپێی میدیاکانی ئۆکرانیا، سوپای ڕووسیا لەم هێرشەدا ١٦ مووشەکی بەکارهێناوە، لەوانە ٤ مووشەکی کروزی Kh-22 لە فڕۆکەی توپولۆف ٢٢ (Tu-22M3) و دوو مووشەکی Kh-59، لە فڕۆکەی جەنگی سوخۆی ٣٥.
ئاماری میدیاکانی ئۆکرانیا لە زیانەکانی سوپای ڕووسیا بە درێژایی شەڕی ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتەوە تا ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
زیاتر لە ٦٢ هەزار و ٥٠٠ کەس لە هێزەکانی ڕووسیا کوژراون و بریندار بوون. ٢ هەزار و ٤٨٦ تانک، ٥ هەزار و ١٣٣ ئۆتۆمبێلی سەربازی، هەزار و ٤٧٧ تۆپ، ٣٤٨ مووشەک هەڵگر، ١٨٠ سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ٢٦٦ فڕۆكە، ٢٣٥ هێلیكۆپتەر، ٣ هەزار و ٨٩٠ ئۆتۆمبێلی قورس و تانكەری سووتەمەنی، ١٥ بەلەمی خێرای سوک و كەشتی جەنگی، و هەروەها ١٠٨٦ ئۆتۆمبێلی ڕووسیا لەناوبراون.
ئاماری وەزارەتی بەرگری ڕووسیا سەبارەت بە زیانەکانی سوپای ئۆکرانیا بە درێژایی شەڕی ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتەوە تا ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیا تا ئێستا ٣١٧ فڕۆکەی سەربازی، ١٥٩ هێلیکۆپتەر، ٢١٨٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٧٩ سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ٥٥٧٠ تانک و زرێپۆش، ٨٦٦ موشەک هەڵگر، ٣٤٦٠ چەکی مەیدانی و هاوەن، و ٦٤٣١ ئۆتۆمبێلی سەربازیی تایبەتی سوپای ئۆکرانیا تێکشکاون.
لێدوانەکان