ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری تاڵیبان لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بەردەوامە + ڤیدیۆ
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بەشی هەواڵگری تاڵیبان لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، ٥٩ ئەندامی داعش خۆیان رادەستی ئەم گرووپە کرد.
دوابەدوای ئۆپەراسیۆنی بەشی هەواڵگری تاڵیبان لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان و هەروەها نێوەندگیری سەرۆک هۆزەکانی پارێزگای نەنگەرهار، دوو ئەندامی داعش لە سێدارە دران و ٥٩ کەسی دیکەش بە چەک و کەرەستەکانیانەوە خۆیان رادەستی تاڵیبان کرد. ئەم کەسانە لە شارەکانی چپرهار، سرە ڕود، لەعلپور، سپین غر، ئاچین و خوگیانی چالاکییان هەبووە.
مەولوی محەممەدوڵڵا ئیدریس، بەرپرسی بەشی هەواڵگری تاڵیبان لە پارێزگای نەنگەرهار هۆشداری دایە ئەندامانی داعش لە ئەگەری هەڵگرتنەوەی چەک لە دژی تاڵیبان، ماڵەکانیان دەسوتێنرێن و دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا دەگیرێت و ئەندامانی بنەماڵەکانیان گوللەباران دەکرن.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی خۆجێیی تاڵیبان لە نەنگەرهار، تا ئێستا زیاتر لە ٦٥٠ ئەندامی داعش کە لە رابردوودا لەم پارێزگایە چالاکییان هەبووە، بەبێ شەڕ خۆیان رادەستی تاڵیبان کردووە.
زیادبوونی چالاکی و هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، بەشی هەواڵگری تاڵیبانی لە هەفتەی ڕابردوودا ناچار بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە پارێزگاکانی کۆنەر و نەنگەرهار کردووە.
لێدوانەکان