گرنگترین هەواڵەکانی ٢٢٤مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
– دیسانەوە هێرشەکانی درۆنی شاهێد ١٣٦، ئەمجارەیان بۆ سەر کیێڤ!
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ڕووسیا بە لانی کەم بە ٤ درۆنی شاهێد ١٣٦ هێرشی کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە پارێزگاکانی کیێڤ و ئۆدێسا. بەپێی گرتە ڤیدیۆیی و وێنە بڵاوکراوەکانی ئەو هێرشانە، لانیکەم چوار تەقینەوەی قورس لەو ناوچانە ڕوویانداوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ڕووسیەکان، ئەم درۆنانە لە باشووری ئۆکرانیاوە و زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆمەتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئۆکرانیا فڕیون.
– یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشەکانی ئەم دواییەی درۆنەکانی شاهێد ١٣٦ی سوپای ڕووسیا، سەربازگەی لیوای ٧٢ی تایبەتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە شاری بیر تسێرکۆڤا لە باشووری پارێزگای کیێڤ بوو. هێز و قەبارەی هێرشەکە لەم ڤیدیۆیانەدا زیاتر دەبینرێت.
– سوپای ئۆکرانیا بە موشەک هەڵگری هیمارس هێرشی کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە شاری خێرسۆن. بەگوێرەی میدیاکانی ڕووسیا، سێ موشەک بەر هۆتێلێک و ژمارەیەک خانووی شارەکە کەوتووە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی مەدەنی گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
– پارچەکانی درۆنی شاهێد ١٣٦ی سوپای ڕووسیا، کە لە هێرشی ئەم دواییەی ڕووسیا بۆ سەر پێگەکانی ئۆکرانیا لە شاری میکۆلایڤ، کەوتووەتە دەست سوپای ئۆکرانیا!
وەک هەمیشە تەنها بزوێنەرەکە و کۆتایی باڵەکانی درۆنەکە وەک خۆی ماوەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەش بەهۆی بەرکەوتنی درۆنەکە لە ئامانجەکە لەناوچوون.
لێدوانەکان