پێشهاتەکانی ئاسیای ناوەڕاست، ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢

دووشەممە 26 ئه‌یلول 2022 - 23:45
https://kurdish.iswnews.com/?p=17843

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی سعوودیە لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە دوشەنبێی پایتەختی تاجیکستان بەئامادەبوونی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە بەڕێوەچوو.

ئەفغانستان:
١- بەدەخشان:
عەبدولحەمید موجاهید، بەڕێوەبەری هەواڵگری لیوای ١ی ئەلفەتحی تاڵیبان لە شاری فەیزئابادی ناوەندی پارێزگای بەدەخشان، لەگەڵ زیاتر لە ١٥٠ چەکداری ژێر فەرماندەیی خۆی، لە گروپی تاڵیبان جیابووەوە و پەیوەندیان بە هێزەکانی ئەحمەد مەسعودەوە کرد.

٢- تەخار:
– لە ١٧ی ئەیلول بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، هاووڵاتییەكی مەدەنی كوژرا و دوو كەسی دیكەش برینداربوون.
– لە ٢٠ی ئەیلول چه‌كدارانی تاڵیبان دوو هاوڵاتی مه‌ده‌نی لەوانە مه‌سعوود موجاهید سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی گه‌لی شاری خواجه‌ به‌هائه‌دینیان گوللەباران کرد.

٣- به‌غلان:
لە ١٩ی ئەیلول، لە گوندی خوشدەرێ سەر بە شارۆچکەی خوست و فەرەنگ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە لەسەر رێگای ئۆتۆمبێلێک کە چەکدارانی تاڵیبانی هەڵگرتبوو، شەش چەکداری تاڵیبان کوژران و برینداربوون.

٤- بادغیس:
لە ١٩ی ئەیلول هێزەکانی ئەحمەد مەسعود دوو فەرماندەی مەیدانی تاڵیبانیان بە ناوەکانی “قاری ناسر” و “مەولەوی سەید ئاغا” لە گوندی رەبەت لە شاری جوند تیرۆر کرد.

٥- قەندەهار:
– لە ١٧ی ئەیلول چه‌كدارانی گروپی به‌ره‌ی نیشتمانی ئازاده‌گان سێ ئه‌ندامی تاڵیبانیان له‌وانه‌ “مەولەوی شەفیع” به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی ناحیه‌ی ٩ تیرۆر کرد.
– لە ١٩ی ئەیلول، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە ماڵی “عەقید مەحمود”، یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەزارەتی بەرگری لە حکوومەتی پێشوو لە شاری ژێری، سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کوژران و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

٦- کابوڵ:
– لە ١٩ی ئەیلول، “مەولوی بەشیر نورزی” لە کەسوکاری نزیکی مەلا محەممەد عومەر کە گەورەترین بازرگانی مادەی هۆشبەر و دوا زیندانی تاڵیبان بوو لە زیندانی گوانتانامۆ، لە بەرامبەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی “مارک فری ریچز” ئازاد کرا.
– لە ٢١ی ئەیلول بەهۆی هێرشی خۆكوژی بۆ سەر رێستۆرانتێک لە ناوچەی سێیەمی شاری كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، سێ كارمەندی بەشی كارەبای تاڵیبان كوژران و ١٣ كەسی دیكەش برینداربوون.

٧- بەلخ:
لە ١٩ی ئەیلول چەكدارانی تاڵیبان دەستەواژە فارسییەكانی سەر زانكۆی بەڵخیان لابرد و گۆڕییان بۆ زمانی پەشتۆ.

٨- هێلمەند:
لە ١٨ی ئەیلول چه‌كدارانی تاڵیبان له‌ كاتی پشكنینی چەند خانوویەکی نیشته‌جێبوونی گه‌ڕه‌كی قه‌ڵا بەست لە شاری له‌شكرگاهـ، چوار ژنیان كوشت و چواری کەسی دیكه‌شیان بریندار كرد.

٩- کاپیسا:
لە ١٥ی ئەیلول، چەکدارانی تاڵیبان لە گوندی گیاوە لە شارۆچکەی نەجراب، چوار کەسی سڤیلیان بە تۆمەتی هاوکاری هێزەکانی ئەحمەد مەسعود گوللەباران کرد.

١٠- سەرپۆل:
لە ٢٠ی ئەیلول، چەکدارانی تاڵیبان بە فەرماندەیی مەلا عەبدوڵڵا سەرحەدی، پارێزگاری بامیان، هێرشیان کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی محەمەد تاریق زاهیر، وەزیری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لە حکوومەتی پێشوو و یەکێک لە نەیارانی تاڵیبان لە شاری بەلخاب.

١١- سەمەنگان:
لە ٢١ی ئەیلول، لە شاری دەرێ سوفی باڵا، چەكدارانی تاڵیبان و هێزەكانی ئەحمەد مەسعود، ڕوبەڕوی یەکتر بوونەوە.

١٢- کۆنەر:
لە ١٦ی ئەیلول، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لەسەر ڕێگای ئۆتۆمبێلی هەڵگری چەکدارانی تاڵیبان، سێ ئەندامی تاڵیبان کوژران، لەوانە “قاری هیدایەتوڵڵا حەقیار” بەڕێوەبەری هەواڵگری تاڵیبان لە شاری سوکی.

١٣- دایکۆندی:
لە ١٩ی ئەیلول، هێزە چەکدارەکانی تاڵیبان دەیان خەڵکی گوندی کیان لە شاری خدیریان ناچار کرد ناوچەکە بەجێبهێڵن.

تاجیکستان:
١- له‌ ١٥ی ئەیلول سه‌رۆكی تاجیكستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی هاوكاریی شانگهای، بوونی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان به‌ مه‌ترسی بۆ ناوچه‌كه‌ و جیهان و وڵاتانی ئه‌ندامی ڕێكخراوی هاریكاری شانگهای ناو برد.
٢- لە ٢٤ی ئەیلول، تەرمی عەبدولئەحمەد خۆجە نەزەرۆف، دۆست و شۆفێری محەممەد باقر محەممەد باقروف، فەرماندەی هێزە جەماوەرییەکان، کە دوو هەفتە لەمەوبەر بێسەروشوێن بووبوو، لە ڕووباری پەنج دۆزرایەوە.
٣- شاندی ناوەندی فریاگوزاری و هاوكاری مرۆیی شا سەلمانی سعودیە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی پزیشكی لە پارێزگای خەتلان بە بەهای ٢٣ ملیۆن دۆلار گەیشتنە تاجیكستان. لەم پرۆژەیەدا ٤ نەخۆشخانە و ٨٧ بنکەی تەندروستی سەرەتایی و ٤٣ بنکەی تەندروستی چارەسەری و ٩ ئەمبوڵانس دروست و نۆژەن دەکرێنەوە و ٣٠٠ هەزار دانیشتووی ئەم پارێزگایە لەو خزمەتگوزارییانە سوودمەند دەبن.
٤- لە باڵیۆزخانەی سعوودیە لە شاری دوشەنبێی پایتەختی تاجیکستان ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانی سعوودیە بەڕێوەچوو. لەم مەراسیمەدا وەلید بن عەبدولڕەحمان ئەلڕەشیدان باڵیۆزی عەرەبستان لە تاجیکستان و بەرپرسانی حکومەتی تاجیکستان لەوانە تەقیزادە وەزیری ئابووری و بازرگانی تاجیکستان و سەید مۆکرەم عەبدولقادرزادە موفتی تاجیکستان ئامادە بوون.

پاکستان:
١- له‌ ٢١ی ئەیلول سه‌ربازێكی پاكستانی له‌ ناوچه‌ی داتۆیی وه‌زیرستانی باکور له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌ی چەند چه‌کدارێکی نه‌ناسراو لە ناو خاکی ئه‌فغانستانەوە کوژرا.
٢- لە ٢١ی ئەیلولدا، دادگای باڵای پاکستان ئەو تۆمەت و سکاڵایانەی کە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەبووە لە دژی عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستانی ڕەتکردەوە.
٣- لە ٢٦ی ئەیلول بەهۆی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێکی سوپای پاکستان لە ئاسمانی شاری هارنای پارێزگای بەلوچستان، ٦ سەربازی پاکستان گیانیان لەدەستدا. تا ئێستا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکە دیاری نەکراوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *