ئەگەری لەشکرکێشییەکی بەرفراوانی ئازەربایجان بۆ سەر ئەرمینیا

یەکشەممە 25 ئه‌یلول 2022 - 15:46
https://kurdish.iswnews.com/?p=17778

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، کۆماری ئازەربایجان بە هاوکاری تورکیا ئامادەکاری دەکات دوای ساڵڕۆژی دەستپێکردنی جەنگی دووەمی قەرەباغ، هێرشێکی سەربازی بەرفراوان بۆ سەر وڵاتی ئەرمینیا ئەنجام بدات.

بەپێی زانیارییە مەیدانییەکانی هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام لە کۆماری ئازەربایجانەوە، حکومەت و سوپای ئەم وڵاتە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی سەربازی بەرفراوان بۆ سەر ئەرمینیا و داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی سیۆنیک، ڤیۆتسجور و گغارکۆنیک لە باشووری ئەرمینیا دوای ٢٧ی ئەیلول دەکەن، واتە دوای ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگی دووەمی قەرەباغ. بێگومان ئامانجی سەرەکی ئازەربایجان داگیرکردنی ناوچەی مێژوویی زەنگەزورە کە ئێستا لە ڕووی جوگرافییەوە هاوتایە لەگەڵ پارێزگای سیڤنیکی ئەرمینیا.

بەپێی زانیارییەکان، ئەگەری زۆرە سوپای ئازەربایجان لە دوای ٢٧ی ئەیلولەوە (کۆتایی مانگی ئەیلول یان سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم) دەست بە هێرشە سەربازییەکانی بکات بە ئامانجی داگیرکردنی ناوچەی زەنگەزور و گەیاندنی خاکی کۆماری ئازەربایجان بۆ ناوچەی نەخچیڤان.

زانیارییەکانی ئەم بابەتە لە هەفتەی ڕابردووەوە لەبەردەستی هەواڵەکانی جیهانی ئیسلامدا بوو، بەڵام لەگەڵ جموجۆڵە مەترسیدارەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئازەربایجان و ڕوودانی زنجیرەیەک ڕووداو، ئێستا هەواڵەکە بڵاودەکرێتەوە.

ناوچەی مێژوویی زەنگەزور بە رەنگی سوور

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا سوپای ئازەربایجان هێز و کەرەستەی سەربازیی قورسی ڕەوانەی سنوورەکانی ئەرمینیا کردووە و ئەم بابەتەش بەردەوامە. لە یەکێک لەو حاڵەتانەدا نزیکەی ٦٠ بارهەڵگری سەربازی ئازەربایجان ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجانیان بۆ ناوچەی فۆزولی گواستووەتەوە و بڵاوەیان پێکردووە.

جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S300 لە باکۆ و دەوروبەری و زیادبوونی ڕێوشوێنی بەرگری ئاسمانی لەم ناوچەیەدا زیاتر لە پێشوو بەدی دەکرێت.

هەروەها ئەو کەسانەی تازە خزمەتی سەربازییان تەواو کردووە جارێکی دیکە بانگ کراون، و بەم زووانە بانگەوازێکی گشتی بۆ تەمەنێکی دیاریکراو بۆ گەیشتنیان بە سوپا ڕادەگەیەنرێت.

لەلایەن تورکیاوە چەند هەزار سەرباز بۆ ئەم هێرشە سەربازییە بۆ سەر ڕۆژئاوای ئەرمینیا ئامادە کراوە کە ئەگەر پێویست بکات بەکار بهێنرێت.

تەواوی ئەم هەنگاوانە و زنجیرەیەک ڕێوشوێنی دیکە نیشاندەری نیازی جددی ئازەربایجانە بۆ هێرشێکی سەربازی بەرفراوان و ئەگەر هیچ ڕووداوێکی تایبەت ڕوونەدات، ئەم هێرشە ئەنجام دەدرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم جموجۆڵانەدا، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لە ئەرمینیا بەیاننامە و نەخشەیان بڵاوکردۆتەوە و داوایان لە هاوڵاتیانی خۆیان کردووە گەشت بۆ ئەو ناوچانە نەکەن کە ئاماژەیان پێکراوە. لەو نەخشەی کە باڵیۆزخانەی فەرەنسا بڵاوی کردووەتەوە، ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازەربایجان لە ئەرمینیا بە ڕوونی دیاری کراوە.

ڕۆژی رابردوو زاکیر حەسەنۆڤ وەزیری بەرگری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا بە فەرمی ڕایگەیاند کە سوپای ئەو وڵاتە “ڕەنگە” ئۆپەراسیۆنی زیاتر لە دژی ئەرمینیا ئەنجام بدات. هه‌روه‌ها ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانه‌ی كه‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ لایه‌ن ئازه‌ربایجان له‌ ئه‌رمینیا داگیركرابوون، كه‌ره‌سته‌ و ته‌قه‌مه‌نیان بۆ دابین دەکرێت.

لە هەنگاوێکی دیکەدا، باکو میوانداری خولی ڕاهێنانی OCC E&Fی ناتۆ لە ٢٦ی ئەیلولەوە دەکات. بەرنامەی هەڵسەنگاندنی توانای ئۆپەراسیۆن و فیدباک (OCC E&F) میکانیزمێکی سەربازی فرە مەبەستە کە بۆ پەرەپێدان و دامەزراندنی پەیوەندیی ئۆپەراسیۆنی نزیکتر لە نێوان ناتۆ و هاوبەشە ئەگەرییەکان (لێرەدا ئازەربایجان) داڕێژراوە کە بە تەواوی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆدا کاردەکەن و لە چوارچێوەی ستانداردەکان و ڕێکارەکانی ناتۆیە.

هەموو ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام” چەندین جار جموجۆڵە مەترسیدارەکانی کۆماری ئازەربایجان ئاشکرا و راگەیاندووە. دژایەتی کردنی ئامانجدار لە دژی بەها ئایینییەکانی خەڵک، پشتیوانی ئاشکرا لە جوداخوازان و پانتورکسیزمەکان، کردنەوەی دەرگای باکووری ئێران بەڕووی ئیسرائیلدا و ئەنجامدانی پەیوەندییە ئاسمانییەکان و گرێبەستی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەگەڵ ڕژێمی ئیسرائیل، بوونی هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل لەسەر سنوورەکانی ئێران، مەشق و ڕاهێنانی هێزە تایبەتەکانی ئازەربایجان لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و فێرکردنی زمانی فارسی بە هێزەکانی ئازەربایجان و زۆر شتی دیکە کە دواتر باس دەکرێن، لە کردەوە ئامانجدارەکانی حکومەتی باکو بەرامبەر بە ئێرانن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *