گرنگترین هەواڵەکانی ٢٠٨مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢
دانوستانەکان سەبارەت بە ناردنی F-16 و Patriot و MQ-1 بۆ ئۆکرانیا بەردەوامە!
میدیاکانی رۆژئاوا رایانگەیاند کە ئۆکرانیا بە ئاشکرا داوای چەکی پێشکەوتووی لە ئەمریکا راگرتووە، وەک سیستەمی پاتریۆت و فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-1C، بەڵام لە پشت پەردەوە لە دانوستانەکان بۆ وەرگرتنی چەکێک کە بتوانێت کاریگەری لە شەڕەکەدا هەبێت بەردەوامە.
بەپێی کاربەدەستانی حکومەتی ئۆکرانیا، بەرپرسانی پنتاگۆن و بەڕێوەبەرانی پیشەسازی بەرگری سەرقاڵی تاوتوێکردنی ناردنی چەکە ئاماژە پێکراوەکان بۆ ئۆکرانیا دەکەن. پێشتریش ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا كرد بوو ئەو چەكانەیان بۆ بنێرن كە وڵاتەكەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا پێویستی پێیەتی و داوای ناردنی تۆپخانە و مووشەک هەڵگر و چەكی وردی زیاتری بۆ ئۆكرانیا کردبوو، كە دواجار ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی رۆژئاوا لە چەند مانگی رابردوودا ئەو چەکانەیان پێشکەشی کیێڤ کردەوە.
بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گۆڕانکاری لە داواکارییەکانی کیێڤ سەبارەت بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی و فڕۆکە جەنگییەکان ڕوویداوە و دانوستانەکان بە بێدەنگی بەردەوامە. دەگوترێت راوێژكارەكانی زێلێنسكی لە كیێڤ و لایەنەكانی دانوستانكار لە واشنتۆن، لەگەڵ راسپاردەكانی بەرپرسانی ئیدارەی بایدن داوایان کردووە دانوستانەکان بە بێدەنگی ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی رێگە بە ئۆكرانیا بدرێت بە كات و جدیەتی زیاتر لەسەر ئەوەی کە ئێستا پێویستی پێیەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ڕووسیا وورد ببێتەوە.
هەروەها یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێدەنگی دانوستانەکان نیگەرانی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بووە کە دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا لە پەراوێزی داواکارییەکانی چەکی پێشکەوتوودا، لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی کیێڤ دوور بکەونەوە. ئەم دانوستانە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچن کە گەیاندنی ١٤ فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٦ بۆ سلۆڤاکیا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ماوەی ساڵێک (تا ساڵی ٢٠٢٤) بەهۆی کێشە لە زنجیرەی دابینکردنیان دواخراوە.
میدیاکانی ئۆکرانیا ئیدیعای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ئۆلێکساندریوکا و کریمکییان لە باکووری پارێزگای دۆنێتسک کردەوە.
لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، پێگەی هێزەکانی ڕووسیا لە لیمان و بەرەی باکووری سلاڤیانسک لاواز دەبێت و سوپای ئۆکرانیا دەتوانێت بە هێرشێکی بچووک ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.
سوپای ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانەکانی هێرشی کردە سەر پێگەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە گوندی ریهۆرۆدۆک و وێستگەی کارەبای سلاڤیانسک.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ڕووسیا، لەم هێرشەدا سوپای ڕووسیا کۆگای تەقەمەنی تۆپخانە و هاویتزەری M777 (کە لە بەریتانیا دروستکراوە و لەلایەن ئەمریکاوە بە ئۆکرانیا بەخشراوە) لە گوندی ڕیهۆرۆدۆک لە نزیک شاری سلاڤیانسک تێکشکاندووە. ئەم میدیایانە بە ئاماژەدان بە سەرچاوە مەیدانییەکانی بەرەی لیمان، زیادیان کرد کە ئەم هێرشە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی تۆپخانەکانی ڕووسیا بە بەشداری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سیخوڕی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی (پێدەچێت جران ٢ یان شاهێد ١٣٦) بووە.
لێدوانەکان