تۆڕی یەکگرتووی بەرگری لە ناوچەکە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئێران

شەممە 3 ئه‌یلول 2022 - 01:30
https://kurdish.iswnews.com/?p=16999

پلانی تۆڕی یەکگرتووی بەرگری بۆ یەکەمجار لە لایەن هەندێک لە سەرانی ڕژێمی زایۆنیستی دوای پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی پێشنیار کرا. ئەم پلانە هەمان پلانی ترەمپە بە ناوی یەکگرتووی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Middle East Strategic Alliance (MESA)). دەتوانرێت پلانی تۆڕی یەکگرتووی بەرگری بە وەشانێکی نوێی پلانی ناتۆی عەرەبی هەژمار بکرێت، بەڵام لە پلانە نوێیەکەدا ئیسرائیلیش دەچێتە ناو ئەم هاوپەیمانییەوە. ئەوەی دیارە ئەم پلانە دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆ بایدن بۆ سعوودیە کە لە تەمموزی ئەمساڵدا ئەنجامدرا، لە قۆناغی پراکتیکی نزیکتر بووە.

ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند که‌ به‌ توندی پشتیوانی له‌ تێکەڵ بوونی ئیسرائیل لە ناوچه‌ی به‌رفراوانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دەکات و پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌کات که‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بە پێکهێنانی هاوپه‌یمانییەکی سه‌ربازی له‌ نێوان ئیسرائیل و هه‌ندێک وڵاتی عه‌ره‌بی له‌ لێواری گۆڕانکاری گه‌وره‌دا بێت.

تا ئێستا ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن لەم پڕۆژەیەدا بە وردی دیار نییە. بەڵام بەپێی ئەو وێنانەی کە بە زمانی عیبری بڵاوکراونەتەوە؛ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سعوودیە، بەحرەین، قەتەر، ئیسرائیل و ئەمریکا لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن و فەرماندەیی ئەم پلانە لە قەتەر جێگیرە.

ئەم سیستەمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکانی ئێران و بەرەی خۆڕاگری داڕێژراوە. نۆڕنیوز، کە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانە، ڕایگەیاندووە: ئەگەر دامەزراندنی تۆڕی یەکگرتووی بەرگری لە ناوچەکە، بە هەر شێوەیەک ئاسایشی ئێران بخاتە مەترسییەوە، بەدڵنیاییەوە ڕووبەڕووی وەڵامێکی چارەنووسساز دەبێتەوە.

بەرەی خۆڕاگری و ئێران بەگشتی ٤ چەکی سەرەکییان لە بواری ئاسمانیدا هەیە کە بریتین لە:
ڕۆکێت، مووشەکی بالیستی، مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)؛ کە هێزی خۆیان لەدژی کەشتییەکان، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەروەها لە شەڕی یەمەن لە ناوچەکەدا نیشانداوە، و وایکردووە سیستەمی بەرگری میحوەرەکانی عیبری-عەرەبی-ڕۆژئاوایی نەتوانن بە تەواوی ڕووبەڕوویان ببنەوە.

سیستەمی بەرگری عیبری-عەرەبی-ڕۆژئاوایی لە ناوچەکە لە ئێستادا وەک سیستەمێکی پلاتفۆرم کاردەکات، کە بەم پلانە بۆ سیستەمێکی تۆڕ دەگۆڕدرێت. دروستکردنی تۆڕێکی بەرگری دەبێتە هۆی کاردانەوەی خێراتر، ئامادەیی و کارایی زیاتر لە مەیدانی کرداردا.

پێدەچێت ئەمریکا سیستەمی بەرگری نوێتر بۆ ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی ئەم سیستەمە بنێرێت و بەپێی وێنە بڵاوکراوەکان ئەرکی بەشێک لەم تۆڕە بەرگرییە لەلایەن کەشتیەکانەوە ئەنجام دەدرێت. بۆیە ئەگەری ناردنی کەشتی جەنگی بۆ ئاوەکانی ناوچەکە هەیە.

کاردانەوەی ئێران دەکرێت چی بێت؟

لە قۆناغی یەکەمدا ئێران دەتوانێت بە پەردەلادان لەسەر یەک یان چەند دەسکەوتێکی مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانی و تەیارکردنی بەرەی خۆڕاگری بە چەکی هێرشبەری نوێتر و کارامەتر، بە شێوەی بەرچاو بەرەی خۆڕاگری بەهێز بکات و لە هەنگاوی دووەمدا سیستەمی بەرگری بەرەی خۆڕاگری بە تایبەت سووریا بەهێز بکات، بە شێوەیەک کە تۆڕێکی بەرگری ناوچەیی لە دژی ئەم بەرگرییە دامەزرێت. قۆناغی سێهەم بریتییە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنی (سایبەری) و ئەمنی و سەربازی دژی ئەم سیستەمە بەرگرییە. هەروەها پێویستە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی هەندێک وڵاتی وەک قەتەر لە بەشداریکردن لە پلانی بەناو بەرگری ناوچەیی پەشیمان بکاتەوە.

ئه‌م سیستەمە به‌رگرییه‌ هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییەکانی ئێران و مه‌ترسی بۆ سەر بەرەی خۆڕاگری ده‌بێت. هه‌روه‌ها پێکهێنانی ئه‌م سیستەمە به‌رگرییه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکە و ململانێی لە نێوان بەرەی خۆڕاگری و ئێران له‌گه‌ڵ میحوه‌ری عیبری-عه‌ره‌بی-ڕۆژئاوایی.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *