تەقینەوە لە هەرات، موجیب ڕەحمان ئەنساری کوژرا!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، لە ئەنجامی تەقینەوەی تیرۆریستی لە مزگەوتی گۆزەرگاهی شاری هەرات، زیاتر لە ٢٩ کەس کوژراون، لەوانە مەولوی موجیب ڕەحمان ئەنساری ئیمامی مزگەوتەکە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە مزگەوتی گۆزەرگاهی باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەرات، ٢٩ کەس لەوانە مەولوی موجیب ڕەحمان ئەنساری ئیمامی ئەم مزگەوتەکە گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسی مەدەنی بریندار بوون. بە گوێرەی هەندێک سەرچاوەی خۆجێی لە هەرات، لە کاتی تەقینەوەکەدا، مەلا عەبدولغەنی بەرادەر جێگری سەرۆک وەزیرانی تاڵیبان و مەولوی نور ئەحمەد ئیسلامجار پارێزگاری هەرات و مەولوی لوتفوڵڵا حەکیمی بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تاڵیبان لەم مزگەوتەدا ئامادە بوون، و زانیاری لەبارەی چارەنووسیان بڵاوکراوەتەوە.
تا ئێستا هیچ کەس و گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی ناوخۆیی رایانگەیاندووە گروپی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە. زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان دوای کوژرانی مەولوی موجیب ڕەحمان ئەنساری رایگەیاند، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە گەورەیە بەهۆی کردەوە خراپەکانیانەوە سزا دەدرێن.
مەولوی موجیب ڕەحمان ئەنساری کێیە؟
موجیب ڕەحمان ئەنساری کوڕی خواجە محەممەد ڕەفیق ئەنسارییە و لە ساڵی ١٣٦٢ی زایینی لە شاری هەرات لەدایکبووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا تەواوی قورئانی پیرۆزی لەبەر کردووە و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بووە بە ئیمامی مزگەوتی گۆزەرگاهی هەرات. ناوبراو لە هۆزی پشتونەکانە و یەکێک لە زانایانی ئایینی توندڕەوی هەرات و لایەنگرە سەرسەختەکانی گروپی تاڵیبان لە ئەفغانستان بوو.
ئەنساری لە یەکێک لە وتارەکانیدا لە ٢٥ی ئابی ئەمساڵدا ئاهەنگی نەورۆزی بە حەرام رایگەیاند و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی سعودی “وەسل حەق” هەموو شیعەکانی ئەفغانستانی بە بتپەرست و موشریک ناوبرد و داوای لە حکومەتی ئەفغانستان کرد بۆ دوورخستنەوەی هەموو شیعەکان لە دامەزراوەکانی حکومەت.
لێدوانەکان