گرنگترین هەواڵەکانی ١٧٩مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٢١ی ئابی ٢٠٢٢

یەکشەممە 21 ئاب 2022 - 23:10
https://kurdish.iswnews.com/?p=16412

لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو بۆمبەی کە لەناو ئۆتۆمبێلی ئەلێکساندەر دوگین فەیلەسوفی بەناوبانگی ڕووسی و ڕاوێژکاری ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیادا لە نزیک گوندی بۆلشی ڤیازیۆمی لە نزیک شاری مۆسکۆ چێندرابوو، داریا دوگینی کچی ناوبراو كوژرا.
بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوگین خۆی ئامانجی ئەم تەقینەوەیە بووە، بەڵام لە ڕێگادا بە هۆکارێکی نادیار لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیوە، تەقینەوەکەش کاتێک ڕوویداوە کە کچەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە.
تا ئێستا هیچ گروپ و رێکخراوێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە و بەرپرسانی رووسیاش هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە. بەڵام میدیا و شرۆڤەکارانی ڕووسیا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیا یان ئەمریکایان بە ئەنجامدانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە تۆمەتبار کردووە.
ئەلێکساندەر دوگین سەرۆکی پارتی ئۆراسیایە و یەکێکە لە تیۆریستەکانی ناسیۆنالیزم لە ڕووسیا. ناوبراو لایەنگری رێبازی شەڕانگێزانەی رووسیایە لە گۆڕەپانی جیهانیدا و پشتیوانی لە شەڕی رووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا کردووە. دوگین بەهۆی هەڵوێست و بۆچوونە دژە رۆژئاواییەکانی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا لەلیستی گەمارۆکاندایە.

ئاماری وەزارەتی بەرگری ڕووسیا سەبارەت بە زیانەکانی سوپای ئۆکرانیا بەدرێژایی شەڕی ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتەوە تا ٢١ی ئابی ٢٠٢٢
لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیا، ٢٦٧ فڕۆکەی سەربازی، ١٤٨ کۆپتەر، ١٧٨٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٦٧ سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ٤٣٥٩ تانک و زرێپۆش، ٨١٠ راجیمە، ٣٣٢٣ تۆپی مەیدانی و هاوەن، ٤٩٨٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی تایبەتی ئۆکرانیا لەناوچوون.

ئاماری میدیاکانی ئۆکرانیا سەبارەت بە زیانەکانی سوپای ڕووسیا بەدرێژایی شەڕی ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتەوە تا ٢١ی ئابی ٢٠٢٢.
زیاتر لە ٤٥ هەزار و ٢٠٠ سەربازی ڕووسی کوژراون و بریندار بوون. ١٩١٢ تانک، ٤٢٢٤ ئۆتۆمبیلی سەربازی، ١٠٢٨ تۆپ، ٢٦٦ موشەک هەڵگر، ١٤١ سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ٢٣٤ فڕۆکە، ١٩٧ هێلیکۆپتەر، ٣١٤٣ ئۆتۆمبێلی قورس و تانکەری سووتەمەنی، ١٥ بەلەمی خێرا سووک و کەشتی جەنگی، ٨٠٦ ئۆتۆمبێل لەناوچووە.

بە پێی میدیاکانی ڕووسیا، دوای هێرشە وردەکانی تۆپخانەکانی ڕووسیا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە شارۆچکەی بلاهوداتنێ لە پارێزگای میکۆلایڤ، دواجار ئەم ناوچەیە بە تەواوی لەلایەن سوپای ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
پێشتر هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا دانی بەوەدانابوو کە سوپای ڕووسیا توانیویەتی بەشی باشووری بلاهوداتنێ کۆنتڕۆڵ بکات.
شایانی باسە لە بەرەبەیانی دوێنێوە سوپای ڕووسیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆرلان-١٠ و ئاراستەکردنی تەقەی تۆپخانەکان لەلایەن ئەم فرۆکە بێفڕۆکەوانەوە دەستی بە هێرشی ئامانجدار بۆ سەر پێگەکانی سوپای ئۆکرانیا لەم ناوچەیە کردووە.

هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا بە هێرشێکی تۆپخانە ناوەندێکی فریاگوزارییان لە شاری لیسیچانسک کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا چەند هاوڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوون و هەندێک لە ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوت.
دووری ئەم شوێنە تا ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئۆکرایندایە نزیکەی ١٢ کیلۆمەترە.

لە ١٩ی ئابدا، سوپای ئۆکرانیا بە ئاراستەکردنی تەقەی تۆپخانەکان بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، سیستەمی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی زوپارک-١ی سوپای ڕووسیای لە پارێزگای زاپۆرژیا کردە ئامانج و لەناویان برد.
ڕاداری Zoopark-1 بە ئامانجی دۆزینەوەی پێگەی تۆپخانەکانی دوژمن دیزاین و بەرهەم هێنراوە، هەروەها دوای یەکەم تەقە، دەتوانێت یەکەکانی راجیمە تا مەودای ٢٠ کم، یەکەکانی تۆپخانەیی تا مەودای ١٥ کم، یەکەکانی موشەک هەڵگر (MLRS) تا مەودای ٣٠ کم و یەکەکانی موشەکی تاکتیکی تا مەودای ٤٠ کیلۆمەتر دەستنیشان بکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *