گرنگترین هەواڵەکانی ١٧٨مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٢٠ی ئابی ٢٠٢٢

شەممە 20 ئاب 2022 - 22:40
https://kurdish.iswnews.com/?p=16364

وێنەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆرلان-10ی سوپای ڕووسیا بە ژمارە 12277، کە بەم دواییە لەلایەن سوپای ئۆکرانیا خراوەتە خوارەوە.

هێرشی خۆکوژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا بۆ سەر بەندەری سیڤاستۆپۆل

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای ئۆکرانیا دوای تێپەڕبوونی لە بەربەستی سیستەمی بەرگری ڕووسیا هێرشی کردە سەر نزیک بارەگای کەشتیوانی دەریای ڕەش لە شاری سیڤاستۆپۆل. بە وتەی پارێزگاری سیڤاستۆپۆل، سیستەمەکانی بەرگری نەیانتوانیوە ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لەناوی ببەن. هه‌روه‌ها ئه‌م هێرشە هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌وه‌ و زیانی ماددی زۆریشی لێ نەکەوتووە.

تا ئێستا وێنەکان و جۆری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دیاری نەکراوە. پێشتریش لە ٢٢ی حوزەیرانی ئەمساڵدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هاوشێوە هێرشی کردبووە سەر پاڵاوگەی سنووری نۆڤاشاختینسک لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای رۆستۆڤ لە ڕۆژئاوای ڕووسیا. هەندێک لە سەرچاوەكانی ڕووسیا جۆری ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانەیان وەک فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سیخوڕی PD-1 (دروستکراوی ئۆكرانیا) باسكردووە، كە لەم دواییانەدا وەک خۆكوژێک بەكارهێنراوە.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بەم نزیکانە پاکێجی نوێی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بە بەهای ٧٧٥ ملیۆن دۆلار ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێت. ئەمە ١٩مین پاکێجێکە لە یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا.
پاکێجە سەربازییە نوێیەکەی ئەمریکا بریتییە لە ژمارەیەکی دیارینەکراوی موشەک هاوێژەکانی هیمارس (HIMARS)، ١٦ هاویتزەر لەگەڵ ٣٦ هەزار گوللەی ١٠٥ ملم، ١٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی سکان ئیگل، ٤٠ ئۆتۆمبێلی دژە مین (MRAP)، ژمارەیەکی مووشەکی دژە ڕاداری هارم (HARM)، ١٥٠٠ مووشەکی زیرەک (TOW)، ١٠٠٠ مووشەکی دژە زرێپۆشی Javelin و ٢٠٠٠ گوللەی زرێپۆش.

سوپای ڕووسیا بە چەند مووشەکێک هێرشی کردە سەر ناوچەی ڤۆزنێسێنسک لە پارێزگای میکۆلایڤ.
بەپێی میدیاکانی ئۆکرانیا، لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی یەکێک لەو مووشەکانە حەوت کەسی مەدەنی برینداربوون کە چەند منداڵێکیان تێدایە. هەروەها میدیاکانی ڕووسیا ئامانجەکانی ئەم هێرشەیان ناوچەیەکی سەربازی راگەیاندووە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرچاوەی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر پێگەکانی ڕووسیا لە میحوەرەکانی باشوور بووە.

ڕووسیا: لە خارکیڤ ٢٠ سەربازی ئەمریکی کوژران
“ئیگۆر كۆناشینكۆڤ”، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا رایگەیاند، لە هێرشێكی ئاسمانی وردی فڕۆكەكانی ڕووسیا بۆ سەر پێگەكانی ئۆکرانیا لە ناوچەی ئەندریوكای پارێزگای خاركیڤ، ٨٠ سەربازی ئۆكرانیا و ٢٠ بەكرێگیراوی ئەمریكی كوژراون.
شایانی باسە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ژمارەی هێزە بیانییەکان لە ئۆکرانیادا نییە، بەڵام لە سەرەتای شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، چەندین وێنە و ڤیدیۆ لە هێزەکانی بەریتانیا، جۆرجیا، ئێرلەندا، پورتوگال، شیلی و بەرازیل لە ئۆکرانیادا بڵاوکراونەتەوە.
هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند بوو کە نزیکەی ١٦ هەزار بەکرێگیراوی بیانی بۆ شەڕکردن لە دژی ڕووسیا دەچنە ناو ئۆکرانیا، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە چەند سەربازی بیانی هاتوونەتە ئۆکرانیا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *