هیچ خاڵێکی پارێزراو بۆ ڕژێمی زایۆنیستی نەماوە / هێزی گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین ناوخۆییە
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە کە فەڵەستین لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری گەیشتووەتە قۆناغی تەواوبوون و لە ڕووی هێزی مووشەکی و وشکانییەوە هیچ پەراوێزێکی پارێزراوی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی نەهێشتووەتەوە.
فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ پێگەی فەرمی ڕاگەیاندنی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی جەختیکردەوە کە خۆڕاگری لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین پەرەی سەندووە و تەنیا غەززە، سەرقاڵی شەڕ و خۆڕاگری نییە، بەڵکوو ئەم خۆڕاگرییە بۆ کەرتی خۆرئاوایش گواستراوەتەوە.
ناوبراو وتی: ئەوانەی کە لە گەڵ ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان ئاشنان، دەزانن کە ڕژێمی زایۆنیستی توندترین ڕێوشوێنی ئەمنیی بۆ پاراستنی سنورەکان پەیرەو کردووە بەڵام سەرەڕای ئەم گەمارۆ باڵایە، لەوێ چەک بەرهەم دێت و دابەش دەکرێت و ئەم هێزەش لە ناوخۆی خاکی فەڵەستین سەریهەڵداوە و پەرەی سەندووە، واتە ئەمە هێزێک نییە کە لە دەرەوە هاتبێت، ئەوان هێزی خۆیان لە ناوخۆوە وەرگرتووە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: بە خۆڕاگری و خەباتی بەردەوامی گەلی فەڵەستین و گرووپەکانی خۆڕاگری، هیچ پەراوێزێکی ئەمن بۆ ڕژێمی زایۆنیستی نەماوە، واتە ناوچەیەک نەماوە کە زایۆنیستەکان پەنای بۆ ببەن و لە ئاگری فەڵەستینییەکان پارێزراو بن.
فەریق حوسێن سەلامی وتی: سەدان هەزار مووشەک لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی ئامادە کراوە و دەتوانن لە باکور و لە ڕۆژئاوا لە کەرتی غەززە و لە باکوریش دیسانەوە لە لایەن حزبوڵڵاوە سەرجەم ناوچە زایۆنیست نشینەکان بکەنە ئامانج.
سەلامی وتی کە ئەمڕۆ هێزی وشکانی لە فەڵەستین و لوبنان، هێزێکە کە دەتوانێت لە شەڕێکی وشکانی، هاوکێشەی مانەوە و لەناوچوون بە تەواوی لە کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوە، حزبوڵڵای لوبنان بە پشت بەستن بە ئەزموون و بڕوابەخۆبوون و زانست و کەرەستە و کارامەیی و تەکنیکی دەستکەوتووی شەڕی دژ بە گرووپە تەکفیری و تیرۆریستییەکان لە سوریا، دەتوانێت هەر شەڕێکی وشکانی بە سەرکەوتن تەواو بکات.
ناوبراو وتی: خاڵی لاوازی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی وشکانییە نە شەڕی مووشەکەکان و بۆ ئازادکردنی خاک دەبێت هێزی وشکانی بێتە گۆڕەپانەکەوە و ئەگەر شەڕی وشکانی دەست پێبکات شەپۆلی کۆچکردنی کەسانی سەربازی و مەدەنی بۆ زایۆنیستەکان دەبێتە کێشەیەکی گەورە و بەڕێوەبردنی شەڕەکە لە کۆنتڕۆڵی ئەوان نامێنێت.
فەریق حوسێن سەلامی بەشدارینەکردنی بزوتنەوەی حەماسی لە شەڕی ئەم دواییەی غەززە بە مانۆڕی میدیایی ناو برد و وتی: ئەمە پیلانێکی ڕژێمی زایۆنیستی بوو، پیلانەکەش وەها بوو کە زایۆنیستەکان ئەم جارە، تەنیا لە دژی گرووپێک شەڕ بکەن و ڕابگەێنن کە ئیشمان بە گرووپەکانی دیکەوە نییە و لە پاش شەڕی ئەو گرووپە، شەڕی دژ بەوانی دیکە دەست پێبکەن، بەڵام لە بەر ئەوەی کە جیهادی ئیسلامی بە تەنیا شەڕەکەی پێدەکرا، پێویستی بە بەشداری گرووپەکانی دیکە نەدەکرد.
جام کوردی
لێدوانەکان